سامان بەرزنجی: بڕیاری دامەزراندنی دەرچووانی کۆلێژەکانی پزیشکی بڕیارێکی فریاگوزاری بوو

وەزیری تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت: بڕیاری مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی کوردستان بۆ دامەزراندنی دەرچووانی کۆلێژەکانی پزیشکی لە هەرێمی کوردستان، بڕیارێکی فریاگوزاریی بوو بۆ سێکتەری تەندروستی.
دووشەممە 1ـی ئەیلوولی 2025، سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان وەک هەمیشە حەکیمانە، بڕیاری دامەزراندنی ژمارەیەک دەرچووی کۆلێژە پزیشکییەکانی کوردستانی دا، دەڵێت: ئەو پزیشکانە بە هەمیشەیی دادەمەزرێن.
وەزیری تەندروستی ئاماژە بەوە دەکات، بەپێی یاسای بوودجە، پێویستە عێراق بوودجەی پێویست بۆ دامەزراندنی دەرچووانی پزیشکی تەرخان بکات، دەڵێت: چەندین شاندمان بۆ بەغدا نارد و هەوڵیاندا دەرچووانی کۆلێژەکانی پزیشکی دابمەزرێن، بەڵام بەغدا هیچ وەڵامێکی نەبوو، بۆیە سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی بڕیاری دامەزراندنیانیدا، لەگەڵ ئەوەشدا دەبوا حکوومەتی عێراق لە پلەی وەزیفی بەشی هەرێمی کوردستانیش بدات، چونکە بەهۆی یاسای خانەنشینی، ژمارەیەکی زۆری فەرمانبەرانی تەندروستی بەهەموو ناونیشانەکان، خانەنشین بوون و بەهۆیەوە کەمی میلاک لەزۆرێک لە نەخۆشخانە و بنکە تەندروستییەکان دروست بوو.
سامان بەرزنجی، ئاماژەی بەوە کرد، دامەزراندنی دەرچووانی پزیشکی، کاریگەریی لەسەر خزمەتگوزاریی تەندروستی دەبێت، دەشڵێت: بەزووترین کات دەست بە ڕێکارەکانی دەستبەکاربوون بۆ دەرچووان دەکەن بۆ ئەوەی بێنە نێو سیستەمی تەندروستی، گوتی: بڕیارەکە زۆر گرنگ بوو، بڕیارێکی فریاگوزاریی بوو بۆ سیستەمی تەندروستی.
ئەمڕۆ دووشەممە، 01ـی ئەیلوولی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، فەرمانی دامەزراندنی دەرچووانی کۆلێژی پزیشکی زانکۆکانی (سلێمانی، هەولێری پزیشکی، دهۆک، زاخۆ، کۆیە، گەرمیان و زانکۆی کوردستان)ـی دەرکرد.
بە گوێرەی ڕاگەیەنراوێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەوانەی فەرمانی دامەزراندنیان بۆ دەرچووە "ژمارەیان 775 دەرچووی ساڵی خوێندنی ( 2023- 2024 )ـن لە سەر میلاکی وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بە ناونیشان و مووچە و دەرماڵەی شایستە و لەسەر داهاتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان."
حکوومەتی هەرێمی کوردستان جەختیشی کردووەتەوە "ئەم فەرمانە لەبەر پێویستی زۆری دامودەزگاکانی تەندروستی هەرێمی کوردستان بە ڕاژەی پزیشکی نیشتەجێی خولاو دەرچووە."