بەریتانیا بڕیاری نوێ بۆ پەنابەران دەردەکات

پەیامنێری کوردستان 24 لە لەندەن ڕایگەیاند بڕیارە ئەمڕۆ وەزیری ناوخۆی بەریتانیا لە پەرلەمان چەند بڕیارێکی نوێ و توندتر دژی پەنابەران ڕابگەیەنێت، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ڕێککەوتنەکانی پێشووی ئەو وڵاتە لەگەڵ عێراق و فەرەنسا بۆ دیپۆرتکردنەوەی پەنابەران هێشتا نەچوونەتە بواری جێبەجێکردنەوە.

گوتیشی بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە 1ـی ئەیلوولی 2025، کاتژمێر 5:30ـی ئێوارە بە کاتی هەولێر،ئیڤێت کوپەر, وەزیری ناوخۆی بەریتانیا چەند بڕیارێکی نوێ ڕابگەیەنێت، کە بریتین لە قورسکردنی ڕێکارەکانی هێنانی خێزان، بۆ ئەو کەسانەی دەیانەوێت بە شێوەی یاسایی هاوسەرەکانیان بهێننە بەریتانیا، تاقیکردنەوەی زمانی ئینگلیزی قورستر دەکرێت. هاوکات بەرزکردنەوەی داهاتی ساڵانە، مەرجی داهاتی ساڵانە بۆ ئەو کەسەی دەیەوێت هاوسەرەکەی بهێنێت، بۆ نزیکەی 47 هەزار پاوەند بەرز دەکرێتەوە، کە بڕێکی زۆرە و ئەرکی زۆرێک لە هاووڵاتییان قورستر دەکات.

لە مانگی ئابدا، حکوومەتی بەریتانیا و عێراق ڕێککەوتنێکیان واژۆ کرد کە ڕێگە بە بەریتانیا دەدات ئەو پەنابەرە عێراقییانەی داواکارییەکانیان ڕەتکراوەتەوە، دیپۆرتی عێراقیان بکاتەوە. بەڵام تا ئێستا ئەم ڕێککەوتنە جێبەجێ نەکراوە.

هەروەها مانگی ڕابردوو، بەریتانیا ڕێککەوتنێکی دیکە لەگەڵ فەرەنسا کرا بۆ گەڕاندنەوەی ئەو پەنابەرانەی بە بەلەمی بچووک لە فەرەنساوە دەگەنە بەریتانیا. بەپێی ڕێککەوتنەکە، هەفتانە نزیکەی 50 پەنابەر دەگەڕێنرێنەوە بۆ فەرەنسا، لە بەرانبەردا بەریتانیا ئەو پەنابەرانە وەربگرێت کە بە شێوەی یاسایی لە فەرەنسا داواکارییان پێشکەش کردووە. ئەم ڕێککەوتنەش تا ئێستا کاری پێ نەکراوە.

لە مانگی نیسانی 2023 تاوەکوو ئاداری 2024 نزیکەی 31 هەزار پەنابەر چوونەتە بەریتانیا، بەڵام لە ساڵی 2025 ڕێژەکە کەمتر بووە.سەرەڕای ئەوەی کە ئامارەکان نیشانی دەدەن ژمارەی هاتنی پەنابەران بە بەلەم لەم ساڵدا بەراورد بە ساڵی ڕابردوو کەمیکردووە، بەڵام حکومەت هێشتا سوورە لەسەر دەرکردنی بڕیاری تووندتر.

پەیامنێرەکە ئاماژەی بەوەش کرد کە پرسی پەنابەران بووەتە پرسێکی سیاسی لەلایەن پارتەکانەوە، بەتایبەت لە بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا، و زۆر جار کێشە ئابوورییەکانی وڵات دەخرێتە ئەستۆی پەنابەرە نایاساییەکان.

ئەمەش بووەتە هۆی زیادبوونی گرژیی کۆمەڵایەتی، بە جۆرێک کە هەفتانە هێرش دەکرێتە سەر ئەو هۆتێلانەی پەنابەرانی تێدا نیشتەجێ کراون. لەم دوایانەشدا لە لەندەن سەدان کەسی دەمامکدار خۆپیشاندانیان کرد و داوای دیپۆرتکردنەوەی پەنابەرانیان دەکرد، کە گرژیی لەنێوان خۆپیشاندەران و پۆلیسدا لێکەوتەوە.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment