بەختیار شاوەیس: لە مانگی شەشی ئەمساڵەوە پەیوەندیم بە بەرەی گەل نەماوە

بەختیار شاوەیس، گوتەبێژی پێشووی بەرەی گەل ڕایگەیاند: بە قەناعەتەوە باوەریم بە بەرەی گەل نەما و وازمهێنا و هیچ پەیوەندیم بەو حزبەوە نییە.
بەختیار شاوەیس، لەگرتە ڤیدیۆیەکدا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەلایەتیی فەیسبووک، ئەمڕۆ دووشەممە، 2ـی ئەیلوولی 2025، بڵاویکردەوە، لە 2ـی حوزەیرانەوە پەیوەندیم بە بەرەی گەل نەماوە، لە دوای ئەم ڕێککەوتە سەرجەم وێنە و چالاکییەکانم لەگەڵ بەرەی گەل لە هەژماری خۆم ڕەشکردەوە، بەڵام خەڵکانێک وا تێگەیشتن لەدوای 22ـی ئابەوە سڕیوەتەوە ، بیر و باوەر و قەناعەتم بە بەرەی گەل نەما، بۆیە وازمهێنا و پێشتریش لاهور شێخ جەنگیم لەوە ئاگادار کردووەتەوە.
بەختیار شاوەیس، ئاماژەی بەوە کرد، لاهور شێخ جەنگی داوای لێکردم وەک سەرۆک لیستی بەرەی گەل لە سلێمانی خۆم کاندیدکەم، بەڵام رازی نەبووم، لەو ماوەیە دا تاوەکوو ئێستا چەندین میدیا و کەناڵی ڕاگەیاندن داوایان کرد وەک گوتەبێژ لێدوان بدەم، بەڵام ڕەتم کردووەتەوە.
هەروەها دوێنێ یەکشەممە، 1ـی ئەیلوولی 2025، بەرەی گەل ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و ڕاگەیاند، ماوەی 10 ڕۆژە هێزەکانی یەکێتیی بەردەوامن لە دەستگیرکردنی لایەنگرانی بەرەی گەل.
لەلایەکی دیکەوە، رۆژی شەممە 23ـی ئابی 2025، شادومان مەلا حەسەن، سەرکردە لە بەرەی گەل، لە میانی بەشداریی لە ژووری هەواڵی کوردستان24ـدا گوتی: بەرەی گەل حزبێکی مۆڵەتپێدراو و یاساییە، هەروەها لە پرۆسەی سیاسی بەردەوام دەبێت و لاهور شێخ جەنگیش وەک ڕەمزێکی حزبەکە دەمێنێتەوە.