کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە هەولێر: هاوكاریی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌‌ین بۆ بونیاتنانی ژێرخانێكی بەهێز

بەرپرسی نوسینگەی هاریکاری ئاسایش لە کونسوڵخانەی گشتیی ئەمەریکا ڕایگەیاند، هاوکارییەکانیان بۆ هێزەکانی پێشمەرگە بەردەوام دەبێت بۆ بونیاتنانی ژێرخانێکی سەربازی نیشتمانی بەهێز.

وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە، 1ـی ئەیلوولی 2025، بڵاویکردەوە، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە لەگەڵ کۆڵۆنێڵ دێک پایلویک، بەرپرسی نوسینگەی هاریکاری ئاسایش لە کونسوڵخانەی گشتیی ئەمەریکا دوایین پێشهاتی ناوچەکە و پرۆسەی چاکسازیی لەنێو هێزەکانی پێشمەرگە و بنیاتنانی دوو ناوچەی سەرکردایەتی سەربازی و فیرقەکانی پیادە لە وەزارەتی پێشمەرگە گفتوگۆیان لەبارەیەوە کرا.

وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژەی بەوە کردووە، شۆڕش ئیسماعیل جەختی لەوە کردووەتەوە، پرۆسەی چاکسازی بەردەوامە و هەوڵەکانمان بۆ سەرخستنی چاکسازی چڕترکردۆتەوە و دڵنیابووینەوە ئەمەریکا و هاوپەیمانان لە هاوکاری و پشتیوانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەردەوام دەبن هەروەها پێویستیمان بە هاوکاری و پشتیوانی زیاتری هێزەکانی هاوپەیمانانە بەتایبەتی ئەمەریکا.

 ئەمەشی ڕاگەیاندووە، لەلای خۆیەوە، کۆڵۆنێڵ دێک پایلویک، دڵخۆشبوو بە بەرەو پێشچوونی پرۆسەی چاکسازی لە نێو هێزەکانی پێشمەرگە و ئاماژەی بەوە کرد، بەردەوام دەبین لە هاوکاری کردنی وەزارەتی پێشمەرگە بۆ بنیتانانی ژێرخانێکی سەربازی نیشتمانی بەهێز و بە ئامانج گەیاندنی پرۆسەی چاکسازی.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment