منداڵانی نەخۆش و برینداری غەززە دەبرێنە بەریتانیا
بەریتانیا لە ئیسرائیل توڕەیە بەهۆی ڕێگەنەدانی بە چوونە ژووەرەوەی هاوکارییە مرۆییەکان

وەزیری دەرەوەی بەریتانیا تووڕەیی خۆی لە ئیسرائیل دەربڕی بەهۆی ڕێگەنەدانی بە چوونە ژوورەوەی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ ناو غەززە، ڕاشیگەیاند، کار بۆ بردنی منداڵانی نەخۆش و برینداری غەززە دەکەن بۆ وڵاتەکەیان.
وەزیری دەرەوەی بەریتانیا، دەیڤید لامی، ڕایگەیاند، وڵاتەکەی کار بۆ بردنی منداڵانی نەخۆش و برینداری غەززە دەکات بۆ ئەوەی بیانبەنە بەریتانیا و لە نەخۆشخانە تایبەتمەندەکان چارەسەریان بکەن، گوتیشی: یەکەم کاروان لە هەفتەکانی داهاتوو دەگاتە دەستیان.
دەیڤید لامی، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا، تووڕەیی خۆی لە ئیسرائیل دەربڕی بەهۆی ڕێگەنەدانی بە چوونە ژوورەوەی یارمەتییە مرۆییەکانی بۆ ناو غەززە. دەشڵێت: تەرخانکردنی 15 ملیۆن پاوەندی دیکە کە دەکاتە نزیکەی 20 ملیۆن دۆلار، بۆ هاوکارییە پزیشکییەکانی غەززە ڕاگەیاند.
وەزیری دەرەوەی بەریتانیا ئاماژەی بەوەش کرد، "ئەمە کارەساتێکی سروشتی نییە، بەڵکو برسیەتی دروستکراوی مرۆڤە لە سەدەی بیست و یەکدا، من توڕەم لە ڕەتکردنەوەی حکوومەتی ئیسرائیل بۆ ڕێگەدان بە هاتنە ژوورەوەی هاوکاریی پێویست."
دەیڤید لامی باسی لەوەش کرد، هەموومان دەزانین تەنیا یەک ڕێگەی دەربازبوون هەیە. ئەویش "ئاگربەستێکی خێرا و دەستبەجێ."
وەزیرەکە دڵنیایی دەداتە یاسادانەران، کە بەرپرسانی بەریتانیا پاڵپشتی قوتابیانی غەززەش دەکەن بۆ سکۆلەرشیپ لە زانکۆکانی بەریتانیا، ئەمەش وایان لێدەکات لە پاییزدا دەست بە خوێندن بکەن.
راشیگەیاند، "کاردانەوەی مرۆیی هەمەلایەنە پێویستە بۆ ڕێگریکردن لە مردن و برسیەتی زیاتری فەڵەستینیەکان، دوای ئەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کۆتایی مانگی ئابی ساڵی ڕابردوودا ڕایگەیاند، گەورەترین شار لە کەرتی غەززە بەدەست برسیەتیەوە گرفتارە."
لامی ژمارەی ئەو منداڵە نەخۆشانە یان ئەو قوتابیانەی دیاری نەکردووە کە بەریتانیا لە غەززە وەریدەگرێت، بەڵام ئیڤێت کوپەر وەزیری ناوخۆی بەریتانیا ڕۆژی دووشەممە، بە پەرلەمانی وڵاتەکەی ڕاگەیاند، بەرپرسان پێدانی ڤیزا خێراتردەکەن بۆ ئەو فەڵەستینیانە، هەروەها بۆ ئەندامانی خێزانەکانیان کە یاوەری ئەو منداڵانە دەکەن.
میدیاکانی بەریتانیا بڵاویانکردەوە، لەندەن ئاسانکاری دەکات بۆ گواستنەوەی نۆ قوتابی لە غەززە کە سکۆلەرشیپی چێڤینینگیان وەرگرتووە، کە لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیاوە پارەی بۆ دابینکراوە، بەڵام دەیان قوتابی دیکەی فەڵەستینی کە ئۆفەری خوێندنیان لە بەریتانیا وەرگرتووە، هێشتا دۆخیان ناڕوونە.
هەروەها وڵاتانی دیکەی ئەورووپا لەوانەش ئیتاڵیا قوتابی و منداڵە نەخۆشەکانیان لە غەززە گواستووەتەوە وڵاتەکەیان.
بەریتانیا لە ڕێگەی دامەزراوەیەکی خێرخوازیەوە پارەی کارەکانی نەخۆشخانەی مەیدانی لە غەززە دابین دەکات، هەروەها لەگەڵ ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی لە میسر کاردەکات بۆ یارمەتیدانی چارەسەرکردنی هەزاران نەخۆشی فەڵەستینی.