ئەکرەم ئیمامئۆغڵو: هەنگاوی جددی بۆ پرۆسەی نوێی ئاشتی نەنراوە

ئەکرەم ئیمام ئۆغڵو
ئەکرەم ئیمام ئۆغڵو

ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی پێشووی گەورە شارەوانی ئیستانبوڵ ڕایگەیاندووە، دەتوانرێت دامەزراندنی کۆمیسیۆنی پەرلەمانی تورکیا وەک هەنگاوێکی ئەرێنی بۆ چارەسەرکردنی کێشەی لەمێژینەی کورد سەیر بکرێت، بەڵام دەسەڵات پابەندی هێنانە دی ئاشتی کۆمەڵایەتی و سیاسیی نییە. ئەکرەم ئیمام ئۆغڵو دەشڵیت، دەسەڵات پرۆسەکە تەنها بۆ بەرژەوندی خۆی بەکاردەهێنێت.

 هاوکات عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە نوێترین پەیامیدا جەختی لەوە کردووەتەوە، پێویستە کۆمیسیۆن هەنگاوی بوێرانە لەبارەی پرۆسەی ئاشتی بنێت.

هەر چەندە ئومێد و چاوەڕوانییەکان لەو کۆمیسیۆنەی کە لەپەرلەمانی تورکیا تایبەت بە پرۆسەی نوێی ئاشتی دامەزراوە زۆر بەرزە، بەڵام نەنانی هەنگاوی جددی بۆ پرۆسەکە لەلایەن دەسەڵاتەوە، خەریکە ئومێدەکان بۆ هێنانە ئاشتی و چارەسەری پرسی کورد لە وڵاتەکە کەم دەکاتەوە.

رۆژەڤی تورکیا بریتییە لە پەیامێكی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی پێشووی گەورە شارەوانی ئیستانبوول کە ئێستا زیندانیی کراوە و بەبۆنەی 1ـی ئەیلوول(رۆژی ئاشتی)  بڵاو یکردووەتەوە و دەڵێت،  ئەو کۆمیسیۆنەی لە پەرلەمان دامەزرا، دەتوانرێت وەک هەنگاوێکی ئەرێنی بۆ چارەسەرکردنی کێشەی لەمێژینەی کورد سەیر بکرێت، بەڵام دەسەڵات نە پابەندی هێنانە دی ئاشتی کۆمەڵایەتییە، نە پاپەندی هێنانە دی ئاشتی سیاسییە، دەشڵێت، دەسەڵات ئەم  پرۆسەیە بەکاردەهێنێت بۆ پاراستن و درێژەدان بە دەسەڵاتی خۆی، گوتیشی: ئاشتی سیاسی لە تورکیا گەیشتووەتە خراپترین دۆخ لە مێژوودا، چونکە دەسەڵات یاسا بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆی بەکاردەهێنێت.

دوای ماوەیەکی زۆر لە سەردانی نەکردنی، ڕۆژی 28ـی مانگی ڕابردوو، شاندی دەم پارتی سەردانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان(پەکەکە) یان کرد و میدیاکانی تورکیا دەڵێن: ئۆجەلان لەمیانی ئەم دیدارەدا ڕایگەیاندووە،  پرۆسەکە بۆ چارەسەرکردنی کێشەیەکی مێژوویی و سەختە و ئەو کۆمیسیۆنەی لە پەرلەمان دامەزراوە، پێویستە هەنگاوی بوێرانە بنێت بۆ ئەوەی ڕێگا بۆ چارەسەری بکاتەوە، هەروەها ڕایگەیاندووە، نابێت کۆمیسیۆن خۆی لە چارەسەر کردنی کێشەکە لابدات، ئۆجەلان ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر کۆمیسیۆن هەنگاوی پێویست بنێت و لایەنەکان ئەرکی خۆیان جێبەجێبکەن، لە کۆتایی پرۆسەکەدا دیموکراسی لە وڵاتەکەیان بەدی دێت. 

سەرەڕای ئەوەی بەردەوام لایەنە کوردییەکانی تورکیا و باکووری کوردستان داوا دەکەن کۆمیسیۆنەکە کار بۆ گۆڕانکاری بەشێک لە یاساکان و دەستووری ئێستای وڵاتەکە بکات کە لەگەڵ پرۆسەی نوێ یەک ناگرێتەوە، بەڵام سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا کە سەرۆکایەتی کۆمیسیۆنەکەش دەکات، جەختی لەوە کردووەتەوە، کاری کۆمیسیۆنەکە نییە دەستوورێکی نوێ ئامادە بکات و ڕەتیشیکردەوە، لە کۆبوونەوەکانی کۆمیسیۆنە لە داواکاری وەکو ئۆتۆنۆمی، سەربەخۆیی، هەرێمێکی جیاواز، یان بە فەرمیبوونی زمانی کوردی کرابێت. 

چاوەڕێ دەکرێت کارەکانی کۆمیسیۆن تا کۆتایی ئەم ساڵ بەردەوام بێت و بەپێی پێویستیش، ئەگەری درێژکرنەوەی کاری کۆمیسیۆنەکە بۆ دوو مانگی دیکەشی هەیە.

 

 

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment