شاسوار عەبدولواحید سزای پێنج مانگ زیندانی بۆ دەرکرا

سەرچاوەیەک لە دادگای سلێمانی بە کوردستان24ی ڕاگەیاند، لە سێیەمین دانیشتنی دادگاییکردنی شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جولانەوەی نەوەی نوێ، لە دادگای سلێمانی، دادوەری دادگاکە لەسەر کەیسی شادی نەوزاد سزای پێنج مانگ زیندانی بۆ تاوانبار دەرکرد.

کێشەی یاسایی ئەم کەیسەی شاسوار عەبدولواحید بۆ ساڵی 2021 دەگەڕێتەوە، دوای ئەوەی شادی نەوزاد لە فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان جیا بووەوە، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی ڕایگەیاند، لەلایەن شاسوارەوە بە نامەی هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی ڕووتی لێکراوە و لەسەر ئەو هەڕەشانەشی لێیکراوە سکاڵای یاسایی تۆمارکرد. 

شاسوار عەبدولواحید لە شەوی 12ـی ئابی 2025، لەسەر سکاڵای شادی نەوزاد، پەرلەمانتاری پێشووی کوردستان بە تۆمەتی "ناوزڕاندن و هەڕەشەکردن" دەستگیر کراوە، پێشووتریش چەندین جار سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ بۆ بەردەم دادگا بانگهێشت کراوە؛ بەڵام ئامادە نەبووە، بۆیە فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرچووە.

بەگوتەی سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی، کە لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند بوو، شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ بە فەرمانی دادوەر و بە ماددەی 431 لە یاسای سزادانی عێراقی دەستگیرکراوە، ماددەکە تایبەتە بە هەڕەشەکردن.

 
 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment