ئێران وەڵامی بەیاننامەی کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداوی دایەوە

وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بانگەشەی ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداوی سەبارەت بە سێ  دوورگەی تونبی گەورە، تونبی بچووک و ئەبوو مووسا، بە نایاسایی و بێبنەما لە قەڵەم دا.

سێشەممە، 2ـی ئەیلوولی 2025، وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە بەیاننامەکەیدا، ئەوەی دەربارەی سێ دوورگەکەی کەنداو، لە بەیاننامەی کۆتایی 165ەمین کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداودا هاتووە، بە تەواوی ڕەت دەکاتەوە و جارێکی دیکە جەخت لەسەر سەروەریی بێکێشەی ئێران بەسەر دوورگەکانی ئەبوو مووسا، تونبی گەورە و تونبی بچووک، وەک بەشێکی دانەبڕاو لە خاکی ئێران دەکاتەوە و ڕوونی دەکاتەوە کە دووبارەکردنەوەی بانگەشە بێبنەماکان لە بەیاننامە هاوشێوەکاندا، هیچ گۆڕانێک لە ڕاستییە جوگرافیایی، مێژوویی و یاساییەکانی پەیوەست بەم دوورگانەدا دروست ناکات.

وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە بەیاننامەکەیدا "جەخت دەکاتەوە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران، بۆ دابینکردنی سەلامەتی و ئاسایشی ئەم دوورگە ئێرانییانە و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی وڵات، لە هیچ هەنگاو کردەیەکی پێویست سڵ ناکاتەوە."

 وەزارەتەکە هەروا ڕایدەگەیەنێت  "کێڵگەی نەوتی ئارەش، بەپێی مافە مێژووییەکان و پێشینەی دانوستانەکان، بانگەشە تاکلایەنەکان لەسەر خاوەندارێتیی ئەم کێڵگەیە بە بێبنەما دەزانێت و ڕوونی دەکاتەوە کە دەرکردنی بەیاننامەی دووبارە و خستنەڕووی بانگەشەی تاکلایەنە، لە ڕووی یاساییەوە هیچ مافێک بۆ حکوومەتی کوێت ناگەڕێنێتەوە. گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی دادپەروەرانە و بەردەوام لەسەر کێڵگەی ئارەش، پێویستی بە گفتوگۆی دوولایەنە، هەوڵی هاوبەش و دروستکردنی کەشێکی ئەرێیی و بنیاتنەرە بۆ پاراستن و دابینکردنی ماف و بەرژەوەندییەکانی هەردوولا."

دوێنێ، ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداو، لە بەیاننامەی کۆتایی 165ەمین کۆبوونەوەیدا، ڕایگەیاند "ئەو سێ دوورگەیە بەشێکی دانەبڕاوی خاکی ئیماراتن و لە لایەن ئێرانەوە داگیرکراون."

 

 
 
Fly Erbil Advertisment