خەڵکی مووسڵ بۆ حکوومەتی عێراق: ئاوەدانکردنەوەی شارەکەمان ئەرکی ئێوەیە، نەک وڵاتان

مزگەفتی نووری لە مووسڵ دوای نۆژەنکردنەوە بەڕووی نوێژخوێناندا کرایەوە. خەڵکی شارەکەش دەڵێت: دەبووایە حکوومەتی عێراق مزگەوتەکەی نۆژەنکردبایەوە، نەک دەوڵەتی ئیمارات. 

دوای پڕۆسەیەکی نۆژەنکردنەوەی فراوان، مزگەفتی گەورەی 'نووری' لە شاری مووسڵ بەفەرمی کرایەوە. پڕۆژەی نۆژەنکردنەوەکە لەژێر سەرپەرشتی ڕێکخراوی یونسکۆی نەتەوە یەکگرتووەکان بوو، بە پاڵپشتی دارایی حکوومەتی ئیمارات.

مزگەفتی 'نووری' یەکێکە لە گرنگترین شوێنەوارە ئایینییەکان و نیشانە ناسراوەکانی مووسڵ، کە مێژووەکەی بۆ نزیکەی 900 ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە. لە سەردەمی نورەدین زەنگی، فەرمانڕەوای ئەو کاتی مووسڵ و حەلەب، دروست کراوە. لە ساڵی 2014، چەکدارەکانی داعش دەستیان بەسەر مووسڵدا گرت و مزگەوت و منارەکەیان وێران کردن. 

خەڵکی مووسڵ پێشوازی لە نۆژەنکردنەوەی مزگەفتی 'نووری' دەکەن، بەڵام داوا لە حکوومەتی عێراق دەکەن کە بەشێوەیەکی چالاکتر بەشداری لە ئاوەدانکردنەوەی شارەکەدا بکات، نەک تەنها پشت بە هاوکارییەکانی وڵاتانی دەرەوە و ڕێکخراوە خێرخوازییەکان ببەستێت.

مستەفا سابیر، هاوڵاتییەکی مووسڵە و دەڵێت: "هەردوو کەنیسەی (ساعە) و (تاهیرە) و مزگەوتی نووری لە گرنگترین سیمبوڵە ئایینییەکانی مووسڵن کە دەرخەری هاوکاری و پێکەوەژیانی ئاشتییانەی شارەکە دەکەن. نەک تەنیا بۆ مەسیحی و موسڵمانان. ئەو شوێنەوارانە ناسنامەیەکی دیرۆکیی گرنگن، و دەبوو حکومەتی عێراق کارەکانی نۆژەنکردنەوەیان جیهانگیر بکردایە، نەک وڵاتی ئیمارات. هەرچەندە سپاسی وڵاتی ئیمارات و هەموو وڵاتانی جیهان دەکەین کە بەشداری ئاوەدانکردنەوەی مووسڵ دەکەن، بەڵام بۆ ئێمە مەرجە پشتیوانی عێراقیشی تێدا هەبێت."

حوسێن عەباس، هاوڵاتییەکی دیکەی مووسڵ، یەکێک بوو لەو کەسانەی لە ساڵی 2014، شایەتحاڵی ڕاگەیاندنی خەلافەتی داعش بوو لەلایەن ئەبوبەکر بەغدادییەوە لەناو مزگەوتەکەدا.

حوسێن عەباس گێڕایەوە "لە ساڵی 2014 کەسێک هاتە نێو مزگەوتەکە و بە ئێمەی گوت: نوێژەکەتان بکەن، ئێمەش کردمان. دوای ئەوە گوتاری خۆی پێشکەش کرد. لەوێ خەلافەتی ڕاگەیاند، بێ ئەوەی ئێمە بزانین ئەو کێ بوو، دواتر بۆمان دەرکەوت (ئەبوبەکر بەغدادی) بوو."

ئەمە یەکەمین جارە لەدوای ساڵی 2017 نوێژ لەناو مزگەفتی نووری ئەنجام دەدرێت، کە نیشانەی گەڕانەوەی هیوا و ئاوەدانییە بۆ دانیشتووانی شارەکە.

 
Fly Erbil Advertisment