ئەفغانستان داوای هاوکاریی نێودەوڵەتیی دەکات

دوای بوومەلەرزەکەی ئەفغانستان کە  بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی زیاتر لە هەزار کەس و برینداربوونی پتر لە سێ هەزار کەس، حکوومەتی تاڵیبان داوای هاوکاریی نێودەوڵەتی دەکات.

شەرەفەت زەمان، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی تاڵیبان، داوای هاوکاریی نێودەوڵەتی کرد بۆ فریاکەوتنی قوربانیانی بوومەلەرزە وێرانکەرەکە. زەمان گوتی: پێویستمان بە هاوکاریی نێودەوڵەتییە، چونکە بوومەلەرزەکە زیانێکی گەورەی گیانی و ماڵیی لە وڵاتەکەمان داوە، ژمارەی قوربانییان بەردەوام زیاد دەبێت.

دەسەڵاتدارانی ئەفغانستان دەڵێن "بوومەلەرزەکە سێ گوندی لە ناوچەی کونەر وێران کردووە و زیانێکی بەرچاوی بە گوندەکانی دیکە گەیاندووە." بە گوێرەی دواین ڕاپۆرتەکان، تەنها لەو سێ گوندەی کونەر، زیاتر لە 600 کەس گیانیان لەدەستداوە و سەدانی دیکەش بریندار بوونە. ئەمە جگە لە کاریگەریی دارایی و دەروونی بۆ سەر هەزاران کەسی دیکە.

یەکێک لە گوندنشینەکان کە ماڵەکەی بە تەواوەتی خاپوور بووە، بە ڕۆژنامەنووسانی گوت: ئەمە گوندی مەزار دارایە، وەک دەبینن گوندەکە بە تەواوەتی وێران بووە. منداڵان و بەساڵاچووان لەژێر داروپەردوی خانووەکاندا گیریان خواردووە. پێویستمان بە یارمەتیی بەپەلەیە.

قوربانییەکی دیکە گوتی: پێویستمان بە ئەمبوڵانس، دەرمان و دکتۆر و ئامێرە بۆ ڕزگارکردنی بریندارەکان و دۆزینەوەی تەرمی مردووەکان.

تیمەکانی فریاکەوتن، لەبەر نەبوونی ڕێگەوبانی گونجاو و سەختی ناوچەکە، بە درەنگەوە گەیشتوونەتە شوێنی بوومەلەرزەکە. لێرە تۆڕەکانی مۆبایل کار ناکەن و جگە لە وڵاخی بەرزە و پیادە، هیچ ڕێگەیەکی تر بۆ گەیشتن بە  ناوچەکە نییە.  

کەیت کێری، یەکێک لە بەرپرسانی نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هەماهەنگی کاروباری مرۆیی لە ئەفغانستان، بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی گوت:  لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا، ناوچەی بوومەلەرزەکە بەردەوام بارانی لێ باریووە و ئەمەش مەترسیی داڕمانی زەوی هەرەسی شاخەکانی دروست کردووە و زۆرێک لە ڕێگەکان داخراون.

وەزارەتی بەرگریی ئەفغانستان ڕایگەیاندووە، تیمەکانی فریاکەوتنی سەربازی لە سەرانسەری ناوچەکە بڵاو بوونەتەوە و بە 40 کاروان 420  برینداریان گواستووەتەوە.

دوێنێ، دووشەممە، بەریتانیا پشتیوانیی داراییی بەپەلەی بۆ فریاکەوتنی قوربانیانی بوومەلەرزەکە نارد  و ڕاگەیاند و " ئێمە لەو دڵنیاین کە هاوکارییەکە لە لایەن تاڵیبانەوە دەستیان بەسەردا ناگیرێت".

گوتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی چین ڕایگەیاند "ئامادەن بە گوێرەی پێداویستییەکانی ئەفغانستان هاوکاریی فریاگوزاریی بە زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەکە پێشکەش بکەن."

سابرامانیام جایشانکار، وەزیری دەرەوەی هیندستان، گوتی: 1000 خێوەتی خێزانیمان گەیاندووەتە کابوڵ و 15 تۆن خۆراکیان بۆ کونەر گواستووەتەوە، هەروا لە سێشەممەوە ناردنی زیاتری کەرەستەی فریاگوزاری لە هیندستانەوە دەست پێ دەکات.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، ڕۆژی دووشەممە لە پلاتفۆرمی ئێکس سەرەخۆشیی خۆی بۆ قوربانیانی بوومەلەرزەکەدا بڵاو کردەوە، بەڵام سەبارەت بە ناردنی هاوکاریی فریاگوزاری، هیچ کاردانەوەیەکی نەبوو.

ئەفغانستان، پێشتر بەهۆی قەیرانێکی ئابووریی توند و کشانەوەی هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان دوای هاتنەوە سەر دەسەڵاتی تاڵیبان لە ساڵی 2021، لە دۆخێکی خراپدایە. سیاسەتە توندەکانی تاڵیبان وەک قەدەغەکردنی خوێندن و کارکردنی ژنان، بووەتە هۆی دابەزینێکی خێرای بودجەی هاوکاریی نێودەوڵەتی و یارمەتییە مرۆییەکانی دیکە بۆ ئەو وڵاتە.

 

 
 
 
Fly Erbil Advertisment