سلێمانی.. کەسوکاری ئەنفالکراوان و شایەتحاڵانی زیندانی نوگرە سەلمان سکاڵا لە دژی حەجاج تۆمار دەکەن

ماوەی دوو ڕۆژە دادگای سلێمانی دەرگای سکاڵاکردنی بۆ کەسوکاری ئەنفالکراوان کردووەتەوە تاوەکوو بێن سکاڵای خۆیان دژی ئەو تاوانبارە بکەن.

دادگای سلێمانی دەرگای سکاڵاکردنی کردووەتەوە تاوەکوو کەسوکاری ئەنفالکراوان و ئەو شایەتحاڵانەی لە زیندانی نوگرە سەلمان زیندانی کرابوو، بێن و سکاڵای خۆیان لەدژی تاوانبار حەجاج ئەحمەد تۆمار بکەن. بۆیە ئێستا لە ئەمنە سوورەکەی سلێمانی ناوەکان دەنوسرێن و سکاڵاکان وەردەگیرێن و دواتر دەبرێنە دادگا و ڕێکارەکان دەست پێ دەکات.

قادر سدیق، زیندانێکی نوگرە سەلمانە و بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، هیوادارم ئەوانەی دەستیان بە خوێنی ئەم گەلە سوورە دادگایی بکرێن، گوتیشی: ئێمە پێشتر بانگهێشتی ئەمنە سوورەکە کراین تاوەکوو قسە لەسەر حەجاج بکەین، کاتی خۆی شەش مانگ و 15 ڕۆژ لە زیندانی نوگرە سەلمان دەستگیرکراین.

ئاماژەی بەوەش دا، ئەوکات لە زیندانی نوگرە سەلمان بووم، تەمەنم 10 بۆ 11 ساڵ بوو، حەجاج هیچ کارێکی باشی نەدەکرد و خەڵکی ئازار دەدا، دەشڵێت: یەکێک لە کارە خراپەکانی حەجاج ئەوەبوو، دەگوترا لەکاتی گەڕانی بەناو هۆڵەکانی زیندان دەگەڕا دەستدرێژیی دەکردە سەر خەڵک.

قادر سدیق گوتیشی: لە زیندان هەرکات دەیگوت حەجاج هات، خەڵک زۆر دەترسا، خەڵکی ئازار دەدا، هەندێک جار ئەو ئافرەتانەی تەمەنیان لە نێوان 15 بۆ 17 ساڵ بووم، لەکاتی هاتنی حەجاج، خۆیان لە ژێر بەتانی دەشاردەوە.

قادر سدیق: سکاڵامان لەسەر حەجاج تۆمار کرد، بەڵام کاتی دادگاییکردنی حەجاجیان پێ نەگوتین، دەشڵێت: دەبێت وڵاتانی عەرەبیش بزانن ئێمەی کورد بەدرێژایی مێژوو باجمان داوە و ستەممان لێکراوە.

خاتوو فەزیلە حەمە خولە، ئافرەتێکی کوردی ڕزگاربووی شاڵاوی ئەنفال، دوای تێپەڕبوونی 37 ساڵ بەسەر کارەساتی ئەنفالدا، توانی (حەجاج ئەحمەد حەردان) ناسراو بە 'حەجاجى نوگرەسەلمان'، یەکێک لەو تاوانبارانەی کە لە زیندانی نوگرە سەلمان ئازار و ئەشکەنجەی خۆی و خانەوادەکەی و هەزاران هاووڵاتیی دیکەی کوردی داوە، بدۆزێتەوە و ڕادەستی یاسای بکات.

خاتوو فەزیلە لە لیدوانێکیدا بە کوردستان24دا گوت: 8 مانگ و 17 ڕۆژی تەمەنی لەناو زیندانی ترسناکی نوگرە سەلمان بەسەربردووە، بە چاوی پڕ لە فرمێسکەوە باس لەو دیمەنە سامناکانە دەکات کە لە مێشکیدا هەڵکۆڵراون. ئەو بە چاوی خۆی شایەتحاڵی دڕندەیی "حەجاج"، یەکێک لە ئەمنەکانی زیندانەکە بووە.

ئەو گوتی "برا شەش ساڵانەکەم لەبەر چاوم لە برسا و بە لێدان گیانی سپارد. کاتێک بردیان بینێژن، هیچ شتێک نەبوو بیکەن بە کفنی، بۆیە بە جامانەکەی باوکم دایانپۆشی. بەیانییەکەی، کاتێک بۆ پاککردنەوە دەرکرابووین، بە چاوی خۆم بینیم سەگ جەستەی براکەمی دەخوارد."

تراژیدیاکانی ئەم ئافرەتە بەمە کۆتایی نایەت. ئەو بە وردی باس لە ساتەوەختی کوشتنی خوشکە تەمەن شەش مانگانەکەی دەکات و دەڵێت: "حەجاج بە سۆندەیەک لە خوشکەکەی دام کە لە باوەشی دایکمدا بوو، هەر لەوێدا گیانی دەرچوو. ڕۆژ نەبوو یەکێک لە ئێمە بە دەستی عەجاجەوە ئەشکەنجە نەدرێت."

31ـی تەمموزی ئەمساڵ، دەستگیرکردنی حەجاج ئەحمەد حەردان تکریتی ڕاگەیەندرا کە یەکێکە لە تۆمەتبارە سەرەکییەکانی تاوانی ئەنفال و لە نوگرەسەلمان لای کوردەکان بە "حەجاجی جەللاد" ناسراو بووە.
 
ساڵی 1988، لە هەڵمەتێكی سەربازیی گەورە و پلان بۆ داڕێژراوی رژێمی بەعسدا، بە هەشت قۆناغ پرۆسەی ئەنفالی كورد دەستیپێكرد. 

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment