سێنتکۆم: پێگەی هەرێمی کوردستان وەک هاوپەیمان و هاوبەشی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا گرنگە

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و براد کووپەر فەرماندەی نوێی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا
مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و براد کووپەر فەرماندەی نوێی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا

فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا، ئاماژەی بە گرنگیی پێگەی هەرێمی کوردستان وەک هاوپەیمان و هاوبەشی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا کرد، هاوکات پشتیوانیی وڵاتەکەی بۆ ئاسایش و سەقامگیریی هەرێم دەربڕی.

ئەمڕۆ سێشەممە 2ـی ئەیلوولی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە ئەدمیراڵ براد کووپەر، فەرماندەی نوێی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا (CENTCOM) کرد.

ماڵپەڕی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، لە کۆبوونەوەکەدا وێڕای جەختکردنەوە لە گرنگیی بەردەوامبوونی پشتیوانیکردنی هێزی پێشمەرگە، دوایین پەرەسەندنەکانی بارۆدۆخی ئەمنیی عێراق و ناوچەکە تاوتوێ کرا.

لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، سەرۆکی حکوومەت پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لە ئەدمیراڵ کووپەر کرد و هیوای سەرکەوتنی لە ئەرکەکەی بۆ خواست، سوپاس و پێزانینی هەرێمی کوردستانیشی بۆ هاریکاری و پشتیوانیی ئەمەریکا دووپات کردەوە.

هەروەها سەرۆکی حکوومەت، پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لە جه‌نه‌راڵ كيڤن لامبێرد، فه‌رمانده‌ى نوێی هێزه‌كانى هاوپه‌يمانان له‌ عێراق و سووريا كرد کە لە کۆبوونەوەکەدا ئامادە بوو.

لای خۆیەوە فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا، ئاماژەی بە گرنگیی پێگەی هەرێمی کوردستان وەک هاوپەیمان و هاوبەشی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا کرد و پشتیوانیی وڵاتەکەی بۆ ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان دەربڕی.

ڕووبەرووبوونەوەی هەڕەشە و مەترسییەکانی تیرۆریستانی داعش و دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی دۆخی سووریا، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو.

 
 
Fly Erbil Advertisment