باشووری عێراق ڕووبەڕووی وشکەساڵییەکی سەخت بووەتەوە

وشکەساڵییەکی توند زۆنگاوەکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق گرتووەتەوە و بووەتە هۆی وشکبوونی زۆربەی ناوچەکە، ئەمەش ژیانی دانیشتووان و سامانی ئاژەڵیی خستووەتە مەترسییەوە.

لە گوندی "حەسجێ" لە پارێزگای زیقار، گمێشەوانەکان ناچارن ڕۆژانە بە پارە ئاو بکڕن بۆ ئەوەی خۆیان و ئاژەڵەکانیان لە تینوێتی بپارێزن. یەکێک لە دانیشتووانی ناوچەکە بە کوردستان24ی گوت: مانگانە نزیکەی 300 هەزار دینار بۆ کڕینی ئاو خەرج دەکەن، ئاماژەشی دا،"بە فراوانیی ئەم ناوچەیە، هێندەی دەرزییەک ئاو نادۆزیتەوە."

گەنجێکی دیکەش دەڵێت: ڕۆژانە بە بڕی 5 بۆ 10 هەزار دینار ئاوی خواردنەوە بۆ گامێشەکان دەکڕن و خەڵک پێشتر دەهاتنە ئێرە بۆ بەخێوکردنی گامێش، بەڵام ئێستا هەمووی وشک بووە، داوامان تەنیا ئاوە.

هاوکات، چالاکوانانی ژینگە هۆشداری دەدەن لەوەی ئەو بڕە کەمەی ئاو کە لە زۆنگاوەکاندا ماوەتەوە، سوێر بووە و بۆ خواردنەوە ناشێت، ئەمەش دەبێتە هۆی نەخۆشکەوتن و لەناوچوونی خێرای گامێشەکان، کە هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر سەرچاوەی بژێوی دانیشتووانی ناوچەکە.

بەهۆی ئەم دۆخەوە، پیشەی ماسیگرتن و بەخێوکردنی گامێش کە سەرچاوەی سەرەکیی داهاتی خەڵک بوون، ڕووی لە نەمان کردووە و ترس لە کۆچی بەکۆمەڵی دانیشتووان دروست بووە.

 
Fly Erbil Advertisment