ماڵباتێکی کورد لە بەریتانیا براندێکی قاوە بەناوی 'بێکەس' دەخەنە بازاڕەوە
لە شاری لیڤەرپولی بەریتانیا، خێزانێکی کورد هەستاون بە دامەزراندنی کافێیەک و براندێکی تایبەت بە قاوە، کە ناوی "بێکەس"ـیان بۆ هەڵبژاردووە. ئەم پڕۆژەیە، جگە لە پێشکەشکردنی خواردن و خواردنەوەی بەتام، ئامانجی ناساندنی کولتووری دەوڵەمەندی کوردیشە بە دانیشتوانی شارەکە و گەشتیاران.
هۆکاری هەڵبژاردنی ناوی "بێکەس"
وەردە دەیڤد، دایکی خێزانەکە، کە شانبەشانی منداڵەکانی کار دەکات و خاوەنی کافێیەکەیە، بە دلۆڤان عیمادەددین، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند، هەڵبژاردنی ناوەکە بۆ ئەو کافێیەکە و براندە تایبەتەی قاوە، ڕێزلێنانێکە لە 'شێرکۆ بێکەس' کە یەکێکە لە شاعیرە هەرە دیار و ناودارەکانی مێژووی کورد و یەکەم کتێبی لە تەمەنی 17 ساڵیدا بڵاوکردووەتەوە.
ناوبراو ئاماژەی بەوەش دا "بە حووکمی ئەوەی ئێمە لە شێرکۆ بێکەس نزیک بووین، ئەو بیرۆکەیەمان بۆ هات ئەم قاوەیە بەناوی ئەوەوە بکەین. بۆ ئەوەی کەسانی بەیانیش ئاشنای کولتووری کورد ببن."
سەرەتای پڕۆژەکە و فراوانبوونی کارەکە
دویین حەمە رەشید، یەکێک لە ئەندامانی خێزانەکە، نهێنیی سەرکەوتنی ئەم پڕۆژەیەی ئاشکرا کرد: "بیرۆکەکە دەگەڕێتەوە بۆ هەشت ساڵ پێش ئێستا. من سەرەتا شیرینیم لە ماڵەوە دروست دەکرد، پەقڵاوەم دروست دەکرد و بە شێوەی ئۆنلاینم دەفرۆشت. کاتێک داواکارییەکی باشی لەسەر دروستکراوەکانمان پەیدا بوو، بڕیارمان دا پڕۆژەکە گەورەتر بکەین، قاوەخانەیەک بکەینەوە و ناوی "شێرکۆ بێکەس' دابنێین."
قاوەی قازوانی کوردی: تامی دێرین و سەرنجڕاکێش
لە کافێی بێکەس، قاوەی قازوانی کوردی بە شێوازێکی تەقلیدی و سەرنجڕاکێش ئامادە دەکرێت. ئەم قاوەیە بە تایبەتمەندی و تامی جیاوازی خۆی، سەرنجی بیانییەکانی ڕاکێشاوە.
دوو خوێندکاری بیانی، کە لە کافێکەدا میوان بوون، باس لە ئەزموونی تاقیکردنەوەی قاوەی کوردییان کرد. یەکێکیان گوتی: "یەکەم جارمە ئەم قاوەیە تاقی دەکەمەوە. ئەم قاوە کوردییە زۆر بەتامە. ئەو شتەی لەگەڵیدا دانراوە بۆ خواردن، ئەوانیش بەتام و سەرنجڕاکێشن. ئەزموونێکی جوانە بۆ من. یەکەم جارمە بە کولتووری کوردی ئاشنا دەبم. پێم خۆشە زیاتر لەبارەی کولتووری کوردی، لەسەر خواردن و خواردنەوەکانیان بزانم."
خوێندکارەکەی دیکەش ئەم هەستەی دووپاتکردەوە و گوتی: "ئەمادەبوونمان لەم قاوەخانەیە دەرفەتێکی ناوازەی بۆمان ڕەخساند بۆ ئاشنابوون بە کولتووری کورد و تاقیکردنەوەی خواردن و خواردنەوەکانیان. قاوەکە بە قازوان دروستکراوە و تامێکی جیاوازی هەیە."
ناساندنی کولتووری کورد بە جیهان
هەڵبژاردنی ناوێکی کوردی و پێشکەشکردنی خواردن و خواردنەوەی ڕەسەنی کوردی، هۆکارێکی سەرەکییە بۆ ناساندنی کولتووری کورد بە شێوەیەکی ئاسانتر و فراوانتر لە نێوان بیانییەکاندا. ئەم کافێیە دەرفەتێک دەڕەخسێنێت بۆ ئەوەی میوانانی بیانی بتوانن چێژ لە قاوەیەکی کوردیی بەتام وەربگرن و بەرهەمەکانی شێرکۆ بێکەسیش بخوێننەوە و زیاتر بە کولتووری کورد ئاشنا ببن.