جموجۆڵی داعش لە سنووری کەرکووک زیادیکردووە
چەکدارانی داعش سوودیان لەبۆشایی ئەمنی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق بینوە و لەماوەی یەک مانگدا دوو جار داعش دەرکەوتوون و جێگری سەرۆکی پەرلەمانیش دەڵێت؛ دەبێ ئەو بۆشاییە بەهێزی هاوبەشی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق پڕ بکرێنەوە.
لەسنووری ناحیەی شوان لەم مانگە دوو جار خەڵکی بەچاوی خۆیان چەند چەکدارێکی داعشیان بینوە، چەکدارەکانیش داوای خواردنیان لەخەڵک کردووە، ئەمەش ترس و دڵەڕاوکێی لای ئەوان دروستکردووە، ژیان و گوزەرانی خەڵکی کورد لە گوندەکان لەدوای 16ـی ئۆکتۆبەرەوە بەشێوەیەکە تووشی چەندین کێشەو گرفت بوونە، بەرۆژ رێگریان لێ دەکرێت کاری کشتوکاڵ بکەن، بەشەوانیش سەرقاڵی چاودێری جموجۆڵی داعشن.
فەرهاد پەڵکانەیی، جووتیار بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، هەواڵی جموجۆڵی داعش زۆر ڕاستە، ئێمە لە دوای 16ـی ئۆکتۆبەرەوە ژیانمان گۆڕاوە، چوون و هاتنمان هەر بە پشتیوانی خوا بوو، گوتیشی: ئێمەی جووتیار زوو زوو بە لایت یەکتر ئاگادار دەکەینەوە، لە ئاگادارکردنەوەکەش نهێنی خۆمان هەیە، کە بەیەکتر دەڵێین دۆخەکە سەلامەتە.
پەرلەمانی عێراق ڕێگە چارەیان بۆی دۆزیوەتەوە و پێشنیاریان کردووە بۆشایی ئەمنی بەهێزی هاوبەش پڕ بکرێتەوە، بەڵام حکوومەتی عێراق بەوەش ڕازی نەبووە.
شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق گوتی: کاتی خۆشی داوامان کرد فەوجێکی لیوای 20، بچێتە ئەوبەری پردێ بۆ ئەوەی بتوانێت ئەو بۆشایی ئەمنیە پڕ بکاتەوە، دەشڵێت: پێشتریش دەربارەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا، هەڵوێستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕوون بووە، کە داوای کرد بڕیارێک نەدرێت هەڵەی گەورەی تێدا بکرێت و عێراق بگەرێنێتەوە خاڵی سەرەتا.
داعش زۆری جوڵەکانی لەبۆشایی ئەمنی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراقە، هێزەکانی پێشمەرگە چەند جارێک گوتویانە بەلایەنی عێراق ئێمە ئامادەین بێنە پێشەوە و هەموو ئەو سنوورە کۆنترۆڵ بکەین و هێزەکانمان جێگیر بکەین، بەڵام لایەنی عێراقی ڕازی نەبوونە.
تائێستا مەترسیەکانی داعش لە سنووری کەرکووک کۆتایی نەهاتووە، تەنیا لە شەش مانگی ڕابردوو پێنج هێرشی جیایان کردووەتە سەر هێزە عێراقیەکان.