لە هەرێمی کوردستان 740 هەزار کەس بەشە خۆراکیان ڕاگیراوە

بەشە خۆراکی هاووڵاتیان
بەشە خۆراکی هاووڵاتیان

بەڕێوەبەری بازرگانی گشتیی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ماوەی سێ مانگە داوا لە هاووڵاتیان دەکەین پسوولەی ئەلیکترۆنی خۆراکی پڕ بکەنەوە بۆ ئەوەی بەشە خۆراکیان نەبڕدرێت، بەڵام 740 هەزار کەس هەن، فۆڕمەکەیان پڕ نەکردووەتەوە، ئێستا بەشە ئاردی مانگی پێنجیان پێ نادرێت.

ئەمڕۆ چوار شەممە 3ـی ئەیلوولی 2025، نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری بازرگانی گشتیی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، سێ مانگە بە چەندین قۆناغی جیاواز، داوامان لە هاووڵاتیان کردووە فۆڕمی ئەلیکترۆنی پسوولەی خۆراک پڕ بکەنەوە، کە بە خۆشحاڵییەوە 86%ـی دانیشتوانی کوردستان فۆڕمەکەیان پڕکردووەتەوە.

هەروەها هۆشداریدا لەوەی ئەو 740 هەزار کەسەی لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان فۆرمی ئەلیکترۆنیان پڕ نەکردووەتەوە، ئەگەر تاوەکو مانگی داهاتوو فۆڕمەکە پڕنەکەنەوە، بەشەخۆراکیان دەبڕدرێت.

لە 8ـی ئایاری 2025، پرۆسەی بە ئەلیکترۆنیکردنی بریکارەکانی خۆراک لە هەرێمی کوردستان دەستی پێکرد، سەرەتاش پرۆسەکە لە پارێزگای هەڵەبجە جێبەجێکرا، لە دوای کۆتاییهاتنی ماوەی بێبەرانبەری پڕکردنەوەی فۆرمی ئەلیکترۆنی خۆراک، لە ئەمڕۆوە نوێکردنەوە و پڕکردنەوەی پسوولەی خۆراک دەبێتە پارە و بۆ هەر خێزانێک 10 هەزار دینار وەردەگیرێت پارەدانەکەش بە ڤیزە کارت دەبێت، بە گوێرەی تۆمارەکان، ڕێژەی پڕکردنەوەی فۆڕمەکە تاوەکوو ئێستا بەم شێوەیە بووە:

پارێزگای هەڵەبجە %89

پارێزگای سلێمانی %88

پارێزگای هەولێر %87 

پارێزگای دهۆک %83

نەوزاد شێخ کامیل  گوتیشی: لە قۆناغی دووەمی پڕکردنەوەی فۆرمی ئەلیکترۆنی، دەست بە زیادکردنی ئەو منداڵانە دەکەین کە فۆڕمی خۆراکیان نییە، یاخود ئەو هاووڵاتییانەی لە گەڕەکێکەوە دەچنە گەڕەکێکی دیکە و فۆرمەکانیان دەگوازنەوە.

لە هەرێمی کوردستان نزیکەی هەشت هەزار بریکاری ئارد و خۆراک هەن و پێنج ملیۆن و 350 هەزار کەس بەشەخۆراکی مانگانە وەردەگرن. تەنیا لە سنووری پارێزگای هەولێر بە ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانەوە، دوو هەزار و 297 بریکاری ئارد و خۆراک هەن.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment