بەرپرسێکی ئەنەکەسە: بەرپرسانی سووریا قسەکانیان ناکەنە کردار
گۆڕەپانی سیاسی لە سووریا گۆڕانکارییەکی بەرچاوی لە دیدگای حکوومەتی شامدا بەرانمبەر بە پرسی کورد و درووزەکان بەخۆوە دەبینێت. ئەمەش لە ئاماژەکانی ئەم دواییەی حکوومەتدا بۆ گفتوگۆ و بەدواداچوونی چارەسەرەکان ڕەنگیداوەتەوە، بە تایبەت لەسەر پرسی کورد لە سووریا کە کۆدەنگییەکی نوێی پێوە دیارە.
عەبدولکەریم عومەر، شارەزای سیاسی، بە ئەنوەر عەبدولـلەتیف، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند "سەرۆکی سووریا گوتی کە ئەوان لەگەڵ کورد و درووزەکان دیالۆگ دەکەن. ئەمڕۆ هەڵسەنگاندن بۆ قۆناغی ڕابردوو دەکرێت کە پێویستە دیالۆگێکی تایبەت لەسەر ئەو بابەتە لە چوارچێوەی یەکپارچەیی سوریا ئەنجام بدرێت."
لەم چوارچێوەیەدا، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی قۆناغی ڕاگوزەری سووریا، جەختی کردەوە کە ئامانجیان بەهێزکردنی ئاسایشی سیاسییە لە ناوچەی سوەیدا و ڕۆژهەڵاتی فورات. هەروەها، ئامادەیی وڵاتەکەشی بۆ گفتوگۆکردنی پرسە جیاوازەکان لەگەڵ نوێنەرانی کورد و درووزەکان دەربڕی.
لوقمان سلێمان، سەرۆکی خۆجێیی ئەنەکەسە لە دیمەشق، ئاماژەی بەوەدا "سەرۆکی سووریا چەندان لێدوانی داوە، کە هەنگاوی گرنگن بەرەو ئاراستەیەکی ڕاست، بەڵام هێشتا نەگەیشتوونەتە چارەسەرێکی بنەڕەتی. گۆڕانکارییەکان پەیوەستن بە بڕیارەکانی دامودەزگا فەرمییەکانی دەوڵەتەوە، و لێدوانەکانی شەرع تەنها قسەن و نەبوونەتە بڕیارێکی جێبەجێکراو."
بەپێی بۆچوونی شارەزایانی سیاسی، ڕەنگە قۆناغی داهاتوو شاهیدی دەستپێکردنی گفتوگۆی ڕاستەوخۆ بێت لە نێوان حکوومەتی سوریا و هەردوو پێکهاتەی کورد و درووزەکاندا. ئەمەش ڕێگە خۆش دەکات بۆ دروستبوونی لێکتێگەیشتنێکی نوێ کە یارمەتیدەر دەبێت بۆ کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان و کردنەوەی دەروازەیەکی نوێ بۆ یەکگرتنی ناوخۆیی.