کارەکانی پردی پەڕینەوەی بەردەم بەشە ناوخۆیی شەهید شەوکەت لە قۆناغی کۆتاییدایە

بەڕێوەبەری گشتیی ئەندازەی هاتوچۆی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: کارەکانی پردی پەڕینەوەی بەردەم بەشەناوخۆیی شەهید شەوکەت لە قۆناغی کۆتاییدایە و تەنیا ڕووناکی و سەوزایی ماوە، ئەم پردە یەکێکە لە پردە ناوازەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان.
دیلان عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری گشتیی ئەندازەی هاتوچۆی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە، 3ـی ئەیلوولی 2025، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند: لە ماوەیەکی نزیکدا پردی پەڕینەوە لە لەسەر شەقامی هەولێر- کەرکووک، بەرانبەر بەشەناوخۆیی شەهیدشەکەوت دەکرێتەوە، یەکێکە لە پردە ناوازەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق.
بەڕێوەبەری گشتیی ئەندازەی هاتوچۆ گوتی: خەریکی دروستکردنی سەوزایین لە دەوروبەری پردەکە، هەروەها ڕووناکی نێو پردەکەش ماوە، بەگوێرەی ئەو پلانەی دانراوە لە چەند ڕۆژی داهاتوو تەواوی کارەکان تەواو دەکرێن.
دیلان عەبدوڵڵا ئاماژەی بەوە کرد، درێژی پردەکە 60 مەترە و بەرزیکەی پێنج مەتر و نیوە، هەروەها پەیژەی تایبەت بە کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت دروستکراوە، بەڵام لە ماوەی ڕابردوو لەلایەن کەسانێک بە ماتۆرسکیل هاتوچۆی لەسەر دەکرا، بۆیە ستوونی تایبەت دادەنرێت بۆ ئەوەی تەنیا ڕێگەی کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت هەبێت.
باسی لەوەش کرد، خێرایی ئەو شەقامە 80 کیلۆمەترە لە کاتژمێرێکدا بۆیە پەڕینەوە پیادە زۆر قورسبووە، چەندین جاریش ڕووداوی هاتوچۆی لێکەوتووەتەوە، هەروەها دوای ئەم پردە لە شەقامی 100 مەتری کاردەکەین، چونکە لە چەند شوێنێک پێویستی بە پردی پەڕینەوە هەیە.
گوژمەی دروستکردنی پردەکە زیاتر لە 384 ملیار دینارە لەسەر بودجەی بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی هەرێم دروستکراوە.

