به قاچاغبردنی نه‌وتی ئێران له لایه‌ن بازرگانانی عێراقییه‌وه، وڵاته‌كه‌یانی شه‌رمه‌زار كردووه

كه‌رتی نه‌وت له عێراق یه‌كێكه له‌و كه‌رت و بوارانه‌ی له ساڵانی ڕابردوودا زۆرترین ئابڕووچوونی له‌سه‌ر ئاشكرا بووه؛ یه‌كێك له دۆسیه ئابڕووبه‌رانه‌كانیشی تێوه‌گلانی بازرگانانی به ناوبانگیی عێراق بووه له زۆربه‌ی گه‌نده‌ڵییه‌كان به‌تایبه‌تی به‌قاچاغبردنی نه‌وتی ئێران و تێكه‌ڵكردنی به نه‌وتی ناوخۆ و سپیكردنه‌وه‌ی پاره‌ی ئه‌و وڵاته بووه بۆ دووركه‌وتنه‌وه له سزاكانی سه‌ری. له‌م چوارچێوه‌یه‌دا وه‌زاره‌تی گه‌نجینه‌ی ئه‌مه‌ریكا له هه‌نگاو و ڕێكارێكی نوێیدا، سزای دارایی به‌سه‌ر بازرگانێكی دیكه‌ی عێراقیدا سه‌پاند، كه له لای ئه‌مه‌ریكاوه به به قاچاغبردنی نه‌وتی ئێران و تێكه‌ڵكردنی به نه‌وتی عێراق تۆمه‌تباره.
وه‌زاره‌تی گه‌نجینه‌ی ئه‌مه‌ریكا ڕاگه‌یه‌نراوێكی بڵاو كردووه‌ته‌وه و تێیدا ڕایگه‌یاندووه، وه‌لید خالید حه‌مید سامه‌ڕائی، بازرگانیی عێراقی كه له دوبه‌ی نیشته‌جێیه و به به قاچاغبردنی نه‌وتی ئێران و سپیکردنەوەی پارەی ئه‌و وڵاته تۆمه‌تباره و یه‌كێكه له‌و كه‌سانه‌ی كه په‌یوه‌ندیی به تۆڕی "له‌شكری سێبه‌ر"ـی ئێرانه‌وه هه‌یه، سزای داراییان به‌سه‌ردا سه‌پاندووه، كه ئه‌و سزایه چه‌ند كۆمپانیایه‌كی تایبه‌ت به خۆیشی گرتووه‌ته‌وه.
وه‌زاره‌تی گه‌نجینه‌ی ئه‌مه‌ریكا ڕوونی كردووه‌ته‌وه، سزاكان هه‌ر یه‌ك له کۆمپانیاکانی بابل و گالاكسی کە سامه‌ڕائی خاوه‌نیانه و له‌گه‌ڵ كه‌شتی و بارهه‌ڵگره نه‌وتییه‌كان كه به تۆڕی "له‌شكری سێبه‌ر"ـی ئێران ناسراون و ڕۆڵێکی سەرەکییان هەبووە لە ئاسانکاریکردن بۆ به‌قاچاغبردنی نەوتی ئێران لە ڕێگەی کەناڵە نایاساییەکانەوە، ده‌گرێته‌وه.
بەپێی خەمڵاندنە فەرمییەکانی وه‌زاره‌تی گه‌نجینه‌ی ئه‌مه‌ریكا، ئەم تۆڕە ساڵانە زیاتر لە 300 ملیۆن دۆلاری بۆ ئێران و هاوبەشەکانی دەست کەوتووە، ئەوەش لە ڕێگەی تێکەڵکردنی نەوتی ئێران لەگەڵ نەوتی عێراق و هەناردەکردنی بۆ بازاڕە نێودەوڵەتییەکان وەک نەوتی پاکی عێراق.
شارەزایان له‌م باره‌وه گوتوویانه، ئەو کۆمپانیایانەی لەلایەن سامه‌ڕائییه‌وه بەڕێوە دەبرێن، شێوازی ئاڵۆزی خۆدزینەوەیان گرتووه‌ته‌بەر، دیارترینیشیان بەکارهێنانی بەڵگەنامەی ساختەیه بۆ كه‌شتی و تانكه‌ره بارهه‌ڵگره‌كان به مه‌به‌ستی شاردنەوەی سەرچاوەی ڕاستەقینەی نەوت و تێکەڵکردنی نەوتی ئێران لەگەڵ نەوتی خاوی عێراقی لە بەندەرەکان و سەکۆکانی بارکردن، کە دواتر لە بازاڕە نێودەوڵەتییەکان لەژێر بەرگێکی یاسایی ساختەدا ده‌فرۆشرێته‌وه.
شارەزایان ئاماژەیان بۆ ئەوەش کردووه، کە بابه‌ته‌كه تەنیا پەیوەندی بە به قاچاغبردنی نه‌وت و سپیكردنه‌وه‌ی پاره‌وه نییه، بەڵکوو بۆ کاریگەریی قووڵی ئابووری و ئەمنیش درێژ دەبێتەوە، هاوكات ناوبانگی عێراقیان له‌كه‌دار كردووه و عێراقی خستووه‌ته سه‌ر هێڵ، بەو پێیەی تێکەڵکردنی نەوتی ئێران لەگەڵ نەوتی ناوخۆ دەتوانێت دەرگای کێشە یاسایی و بازرگانییەکان لەگەڵ وڵاتانی هاوردەکار و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان بکاتەوە
چاودێران پێیان وایه، سزاکانی ئەمەریکا بۆ سەر سامه‌ڕانی ڕه‌نگه پەیامێکی ڕاستەوخۆ بێت بۆ بەغدا و داوای لێ دەکات دەروازە و بۆرییەکانی هەناردەکردنی نەوت به باشتر كۆنترۆڵ بکات، هەروەها ڕێگری لە بەکارهێنانی خاک و بەندەرەکانی عێراق بکات وەک بەرگێک بۆ گواستنەوەی نەوتی خاوی ئێران.
وەزارەتی گەنجینەی ئەمه‌ریکا له كۆتاییه‌كانی مانگی ته‌ممووزی ئه‌م ساڵدا، سزای ئابووری و دارایی به‌سه‌ر 115 كه‌س، كۆمپانیا و كه‌شیتیدا کە تۆمەتبارن بە ئاسانکاری بۆ فرۆشتنی نەوتی ئێران، سه‌پاند.
وەزارەتی گەنجینەی ئەمه‌ریکا له ڕاپۆرتێكدا ئاماژه‌ی به‌وه كردبوو، ئه‌م تۆڕه له لایه‌ن محه‌ممه‌د حوسێن شه‌مخانی، كوڕی عه‌لی شه‌مخانی، ڕاوێژكاری باڵای عه‌لی خامنەیی، ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێرانه‌وه سه‌رپه‌رشتی ده‌كرا.
3ـی ته‌ممووزی 2025، سکۆت بێسنت، وەزیری گه‌نجینه‌ی ئەمه‌ریکا ڕایگه‌یاندبوو، وەزارەته‌كه‌یان بەردەوام دەبێت لە به ئامانجكردنی سەرچاوەکانی داهاتی ئێران و فشارە ئابوورییەکان و ڕێگه‌گرتن له‌وه‌ی تاران ده‌ستی به سه‌رچاوه داراییه‌كان بگات.
هه‌مان ڕۆژ سه‌رچاوه‌یه‌ك به "په‌یمانگای وڵاتانی كه‌نداوی عه‌ره‌بی له واشنتن - The Arab Gulf States Institute"، گوتبوو، له كاتێكدا حكوومه‌تی فیدراڵی عێراق بودجه و مووچه‌ی هه‌رێمی كوردستانی بڕیوه و له‌وه‌ته‌ی ساڵی 2014ـوه سزای ئابووری خستووه‌ته سه‌ر، به‌ڵام بودجه‌ی عێراق به‌رده‌وام ده‌گاته ئه‌و گرووپه میلیشیایانه‌ی سه‌ر به ئێرانن و بۆ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی تاران كار و چالاكی ده‌كه‌ن.