حەماس: ئامادەین تەواوی بارمتەکان ئازاد بکەین

بزووتنەوەی حەماس ڕایگەیاند، ئامادەی ئەوەن ڕێککەوتنێکی گشتگیر بکەن کە پەیوەست بێت بە ئازادکردنی تەواوی بارمتەکان لە بەرانبەر ئازادکردنی دیلەکانی فەڵەستین، بەمەش کۆتایی بە جەنگی سەر غەززە بێت.
لە بەیاننامەیەکدا کە بڵاوی کردەوە، بزووتنەوەی حەماس ڕایگەیاند: ڕازین بەوەی، حکوومەتێکی بێلایەن و سەربەخۆی نیشتمانیی تەکنرۆقراتی بۆ ئیدارەدانی کەرتی غەززە پێکبهێندرێت، بۆ ئەوەش هەموو ڕێکارێک دەگرێتە بەر.
ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا داوای لە بزووتنەوەی حەماس کرد، تەواوی بارمتەکانی ئیسرائیل ئازاد بکات، گوتیشی: بە ئازادکردنی بارمتەکان، بارودۆخەکە زۆر بەخێرایی گۆڕانی بەسەردا دێت.
لەڕێگەی ئەو پەیامەی کە لە پێگەی(تروس) بڵاوی کردەوە، دۆناڵد ترەمپ داوای کرد، حەماس دەستبەجێ هەر 20 بارمتە ئیسرایلییەکە ئازاد بکات کە لەژێر دەستیدایە، نەوەک( دوو، پێنج، حەوت)، بەمەش بارودۆخی غەززە زۆر بەخێرایی گۆڕانی بەسەردا دێت و جەنگ کۆتایی دێت.
لە مانگی ئازاری ڕابردووی ئەمساڵ، دۆناڵد ترەمپ هۆشداریی دایە بزووتنەوەی حەماس بۆ ئازادکردنی دەستبەجێی تەواوی بارمتەکان.