ڕوانگه‌ی عێراقی سه‌وز: به‌نداوه‌كانی توركیا هه‌ڕه‌شه‌ی جیددین له‌سه‌ر ئاسایشی ئاوی عێراق

ڕوانگه‌ی 'عێراقی سه‌وز' ڕایده‌گه‌یه‌نێت، عێراق ئاوی پێویستی نییە و به‌نداوه‌كانی توركیاش هه‌ڕه‌شه‌ی جیددین له‌سه‌ر ئاسایشی ئاوەکەی.
ڕوانگه‌ی عێراقی سه‌وز، كه رێكخراوێكی تایبه‌تمه‌نده به گۆڕانی كه‌شوهه‌وا و ژینگه، لە ڕاگەیەنراوێکدا باسی لەوە کردووە، به‌نداوه‌كانی توركیا مه‌ترسییه‌كی جیددی له‌سه‌ر ئاسایشی ئاوی عێراق دروست ده‌كه‌ن.
به گوێره‌ی ڕوانگه‌كه، قه‌باره‌ی ئاوی كۆگاكراو له به‌نداوه‌كانی توركیا، كه له‌سه‌ر ڕووباره‌كانی دیجله و فورات دروست كراون، گه‌یشتووه‌ته 80 ملیار مه‌تر سێجا، كه ئه‌مه یه‌كسانه به هه‌شت هێنده‌ی توانای گلدانه‌وه‌ی ئاوی به‌نداوی موسڵ.
ئه‌و ڕێكخراوه ژینگه‌ییه ئاماژه به‌وه ده‌كات، پێش دروستكردنی ئه‌و به‌نداوانه‌ی توركیا، عێراق بڕی ئاوی پێویستی بۆ كشتوكاڵ، بووژاندنه‌وه‌ی زۆنگاوه‌كان و پاراستنی ژینگه‌ی ئاوی هه‌بووه؛ به‌ڵام ئێستا، ته‌نیا سه‌دا 35ی ئاوی پێویستی پێ ده‌گات.
ڕوانگهکە دووپاتی کردووەتەوە، عێراق ئێستا ڕۆژانه ته‌نیا 200 مه‌تر سێجا ئاوی له دیجله‌وه پێ ده‌گات له چركه‌یه‌كدا، له كاتێكدا پێویستی به 450 مه‌تر سێجا له چركه‌یه‌كدا هه‌یه. هه‌روه‌ها سه‌باره‌ت به رووباری فوراتیش، ئێستا 151 مه‌تر سێجا ئاو له چركه‌یه‌كدا پێده‌گات، به‌ڵام عێراق پێویستی به 350 مه‌تر سێجا ئاو له چركه‌یه‌كدا هه‌یه بۆ پڕكردنه‌وه‌ی پێداویستییه كشتوكاڵیی و ژینگه‌ییه‌كانی.