ناوی پێشمه‌رگه‌ هێمایه‌كه‌ بۆ قوربانیدان

هەر چەندە بە شێوازی جیاواز پێناسە بۆ ناو و واتای پێشمەرگە دەکرێت، بەڵام چەمکی پێشمەرگە پێشەنگایەتی هەڵدەگەڕێتەوە بۆ بابەتی هزریی و شوناسێکیشە لە قوڵایی فەرهەنگیی بەرگریی کورد و کوردستانەوە سەرچاوە دەگرێت.

کە ناوی پێشمەرگە دێت لە بیرکردنەوەی زۆربەی تاکەکانی کۆمەڵگەی کوردەواری، ڕۆڵەیەکی ئازا و گیانفیدا وێنا دەکرێت، وەکوو پێناسەیەکی سەرەکی بە بەردەوامی باس لەوە کراوە کە پێشمەرگە ڕۆڵەیەکی شۆڕشگێڕە بۆ نەتەوەکەی خەبات دەکات و ئامادەیە لەو پێناوەدا گیانی خۆی بەخت بکات.

ناوی پێشمەرگە بۆخۆی بەو واتایەیە کە تاکێک، مەرگی خۆی پێش مەرگی تاکێکی دیکە بخات، بۆ ئەوەی کە ئەو کەسە ناوی بمێنێتەوە و لە فەرهەنگی کوردەواریدا بۆ دەربڕینی خۆشەویستی دەگوترێت: "مەرگم وەپێش مەرگت کەوێ". ئەمە بەو واتایە دێت کە ئەو کەسە ئاوات دەخوازێ زووتر لە خۆشەویستەکەی بمرێت هەتا مەرگی ئەو بە چاوی خۆی نەبینێت.

پێشمەرگە، هەموو بەشەکانی ژیانی نەتەوایەتی کورد لە خۆی دەگرێت، لەو کاتەوە کە کوردستان داگیر کراوە، بە بەردەوامی ڕۆڵەکانی لە تێکۆشاندان بۆ ئەوەی خۆیان لە بندەستی ڕزگار بکەن و بە پێی جیهانبینی خۆیان وڵاتەکەیان ئیدارە بکەن و پێشبخەن. بە هەزاران تاکی کورد لەو پێناوەدا وەکو پارێزەرێک گیانیان بەخشیوە. 

 
Fly Erbil Advertisment