ترەمپ چەند وڵاتێکی خستە لیستی ڕەشەوە

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، دوێنێ هەینی چەند وڵاتێکی خستە لیستی ڕەشەوە، بە قسەی دۆناڵد ترەمپ ئەو وڵاتانە مامەڵەیەکی خراپیان لەگەڵ ئەمەریکادا کردووە، بۆیە لە بەرانبەردا ئەو وڵاتانە و بەتایبەت چەند سەرکردەیەک، بە توندی سزا دەدات.
بەپێی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، ئەو لیستەی ئەمەریکا ئامادەی کردووە ، تایبەت کراوە بەو وڵاتانەی پشتیوانی لە تیرۆر دەکەن، سزاکان پەیوەستن بە لایەنی دارایی.
ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، تا ئێستا بە فەرمی ناوی ئەو وڵاتانەی بڵاونەکردووەتەوە کە خراونەتە لیستی ڕەشی ئەمەریکاوە، بەڵام بەرپرسێکی باڵای ئەمەریکا ئاماژەی بەوە کردووە، ئەگەری زۆرە ناوی ئێران و چین و ئەفغانستان لە لیستەکەدا هەبێت.
ئەو بەرپرسە ئەمەریکییە کە ناوی خۆی بۆ میدیاکان ئاشکرا نەکردووە، دەڵێت: ئەمڕۆ سنوورێک و هێلێکی سوور دادەنێین، گوتی: ناتوانن ئەمەریکا بۆ بەرژەوەندی خۆتان بەکاربێنن، ئەگینا دووچاری بارودۆخێکی زۆر سەخت دەبنەوە.
بەپێی زانیارییەکان، سزا نوێکانی ئەمەریکا بۆ ئەو وڵاتانە نەوەک تەنیا سزای ئابوورییە، بەڵکو ڕێگە لە دیپلۆماتکارەکانیش دەگرێت سەردانی ئەمەریکا بکەن، ئەگەری ئەوەش هەیە بەپێی ئەو ڕێکار و سزا نوێیانە، ئەمەریکا، سەردانیکردنی هاووڵاتییانی خۆی بۆ ئەو وڵاتانە، قەدەغە بکات کە لیستە ڕەشەکەدا ناویانی هێناوە.
ئێستا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، هاووڵاتییانی خۆی پابەند کردووە بەوەی، گەشتی کۆریای باکوور نەکەن، ئەو بڕیارەش دوای ڕووداوی ئۆتۆ وارمبێر هات کە ساڵ و نیوێک لەو وڵاتە دەستبەسەر بوو، ئەو کاتەی ئازاد کرا لە حاڵەتی بێهۆشیدا بوو، شەش ڕۆژ پاش ئەوەی گەیشتەوە ئەمەریکا، گیانی لەدەستدا.