هاوپەیمانیی مەسیحی: پرۆژە یاسای هەمواری یاسای دیوانی ئەوقافی ئایینەکان ڕه‌تده‌كه‌ینه‌وه

سکرتێری گشتیی هاوپەیمانیی مەسیحی، پرۆژە یاسای هەمواری یاسای دیوانی ئەوقافی ئایینەکانی کریستیان، ئێزدی و سابیئەی مەندائی ڕەت دەکاتەوە و بە سووکایەتی به‌و ئایینانه ناوی دەبات؛ ده‌شڵێت، پشتیوانی خۆیان بۆ پاتریارک كاردیناڵ مار لویس ڕۆفائێل ساكۆ، سەرۆكی كەنیسەی كلدان لە عێراق و جیهان دووپات ده‌كه‌نه‌وه.
شه‌ممه، 6ـی ئه‌یلوولی 2025، ئانۆ جەوهەر، سکرتێری گشتیی هاوپەیمانیی مەسیحیی ڕاگه‌یه‌نراوێكی بڵاوكرده‌وه و تێیدا ڕایگه‌یاندووه، له كاتێكدا وڵات بە بارودۆخێکی ناسک و هەستیاردا تێدەپەڕێت، هەندێک کەس بە پێشنیازی ئامانجدار و قبووڵنەکراوەوە خۆیان له گۆڕه‌پانه‌كه نیشان ده‌ده‌ن و دەستدرێژیی دەکەنە سەر شكۆ و ڕێزی کڵێسا‌کان و مافی ڕۆڵەکانیان، بۆیه هاوپەیمانیی مەسیحی لە عێراق و هەرێمی کوردستان، لە سۆنگەی پابەندبوونی بە بەرگریکردن لە بوونی ڕەسەنی مەسیحی لە عێراق و پاراستنی شكۆ و ڕێزی کڵێسا‌کان و هێما ئایینییەکانیان، پشتگیریی تەواوی خۆی بۆ هەڵوێستی پاتریارک كاردیناڵ مار لویس ڕۆفائێل ساكۆ، سەرۆكی كەنیسەی كلدان لە عێراق و جیهان دووپات ده‌كاته‌وه به‌تایبه‌تی لە ڕەتکردنەوەی پرۆژه پێشنیازی هەمواری یاسای دیوانی ئەوقافی ئایینەکانی کریستیان، ئێزدی و سابیئەی مەندائی کە بە فشار لەلایەن سەرۆکی دیوانی ئەوقافی مەسیحی و ئێزدی و سابیئەی مەندائییەکان لە عێراق پێشکەش کراوە.
سکرتێری گشتیی هاوپەیمانیی مەسیحیی له ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌یدا گوتوویه‌تی، سه‌رله‌به‌ری ئه‌و پرۆژه‌یه ڕه‌ت ده‌كه‌نه‌وه هەروەک لە بەیاننامەی پاتریارکی کلدانیدا لەم باره‌وە هاتووە، ئه‌مه‌ش به‌هۆی چه‌ند هۆكارێكه‌وه؛ له‌وانه، سووکایەتییەکی ئاشکرایە بە ڕێز و شكۆی کڵێسا‌کان و سەرکردە ڕووحییەکانیان، کە کەسایەتیی یاسایین بە درێژایی سەدەکان، نەک "کەسایەتیی مەعنەوی" وەک لە پرۆژه و پێشنیازەکەدا هاتووە.
ئانۆ جەوهەر گوتووشیه‌تی، یه‌كێكی دیكه كه وا ده‌كات، پرۆژه‌كه ڕه‌ت بكه‌نه‌وه، سڕینەوەی ناسنامەی کڵێسایی و ئایینییە کاتێک مەسیحییەکان و ئایینەکانی دیكه بۆ "تائیفە" کورت دەکرێنەوە لە بری ئەوەی ئایینی ڕەسەن و سەربەخۆ و دانپێدانراوی دەستووری و مێژوویی بن.
یه‌كێكی دیكه له هۆكاره‌كانی ڕه‌تكردنه‌وه‌ی پرۆژه یاساكه له لایه‌ن هاوپه‌یمانیی مه‌سیحی، پێشێلکردنی ئیرادەی گەل و کڵێسایە، چونکە کڵێسا‌ی کلدانی کە زۆرینەی ڕەهای مەسیحییەکان ڕێژه‌ی 85% پێکدەهێنێت، کشانەوەی خۆی لەم ئەنجومەنە ڕاگەیاندووە و هەر بڕیارێک بەبێ نوێنەرایەتیی فەرمییان بە کەسایەتیی پاتریارک، بە پێشێلکاری و سەرپێچیی ئیرادەی 85%ـی مەسیحییەکانی عێراق دادەنرێت.
سکرتێری گشتیی هاوپەیمانیی مەسیحیی ده‌شڵێت، پرۆژه یاساكه، پێشێلکارییەکی ئاشکرای دابونەریتەکانە، چونکە هەڵبژاردنی سەرۆکی دیوان لە ڕێگەی هه‌ڵبژاردنی لەلایەن سەرۆکایەتیی کڵێسا‌کان و نوێنەرانی ئایینەکانەوە دەبێت، نەک وەک لە پێشنیازەکەدا هاتووە کە بە دامەزراندنی ڕاستەوخۆ لەلایەن سەرۆک وەزیرانەوە بێت.
ئانۆ جەوهەر جه‌ختیشی كردووه‌ته‌وه، ئه‌م پرۆژه یاسایه هەوڵێکە بۆ سەپاندنی سەرپەرشتیی سیاسی و ئایینی بەسەر کڵێساکاندا، کە ئەمە شتێکی تەواو ڕەت کراوەیە و وەک مەسیحی لەژێر هیچ بارودۆخێکدا قبووڵی ناکەن و دەستەوسانیش ناوەستن کاتێک ڕێز و شكۆی گەلەکەیان و کڵێساکانیان لە عێراقدا لە مەترسیدا بێت.
سكرتێری گشتیی هاوپەیمانیی مەسیحی جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەم پێشنیازە کەمکردنەوەی بەهای گەلەکەیان و کڵێساکانیانە و هەوڵێکە بۆ شەرعیەتدان بە دۆخێکی دانپێدانەنراو، دۆخێکی نائاسایی کە وه‌كوو ئەجێندای گرووپە چەکدارەکان کە دزەیان کردووەتە ناو دامەزراوەکانی دەوڵەت بۆ ئەوەی بە زۆر نوێنەرایەتیی مەسیحی لە دامەزراوەکانی دەوڵەتی عێراقدا بفڕێنن سەپێنراوە.
ئانۆ جەوهەر ده‌شڵێت: ئێمە بە ڕوونی ڕایدەگەیەنین کە تێپەڕاندنێکی ئەم پڕۆژەیە ڕووبەڕووی ڕەتکردنەوەیەکی یەکلاکەرەوە دەبێتەوە و لەگەڵ ڕۆڵەکانی گەلی مەسیحیمان لە کلدان و ئاشووری و سریان و ئەرمەن دەوەستینەوە و به هه‌موو شێوازێكی یاسایی ڕه‌تی ده‌كه‌ینه‌وه و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش په‌نا ده‌به‌ینه بەر خۆپیشاندانی مه‌ده‌نییانه.
ئانۆ جەوهەر گوتووشیه‌تی، داوا لە سەرۆک وەزیرانی عێراق و سەرۆکایەتیی په‌رله‌مان دەکەن کە بەرپرسیاریه‌تییە دەستووری و یاساییەکانیان لە پاراستنی بوونی ڕەسەنی مەسیحیدا لە ئەستۆ بگرن و ئەم پێشنیازانە ڕەت بکەنەوە کە خزمەت بە پێکەوەژیان و ئاشتیی کۆمەڵایەتی ناکەن، بەڵکوو مه‌به‌ست له‌م پرۆژه‌یه پەراوێزخستن و لاوازکردنیانه له كاتێكدا خزمه‌تی زۆریان به عێراق كردووه و له‌و خزمه‌ته‌ش به‌رده‌وام ده‌بن.