تەندروستیی عێراق: بڕیاری قەدەغەی هاتووچۆ نادەین چونکە ئەو رێکارە شکستی هێنا
"تەنیا 20٪ـی عێراقییەکان دەمامک دەبەستن"

K24 - هەولێر
بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی عێراق رەتیکردەوە هیچ بڕیارێک سەبارەت بە راگەیاندنی جارێکی دیکەی قەدەغەی هاتووچۆ بدەن لەپێناو رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی زیاتری ڤایرۆسی کۆرۆنا، چونکە "ئەو رێگەیە شکستی هێناوە".
ریاز حلفی، بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی عێراق ئەمڕۆ (یەکشەممە، 11-10-2020) بە رۆژنامەی سەباحی نیمچەفەرمیی راگەیاندووە؛ قەدەغەی هاتووچۆ هیچ سوودێکی نابێت، چونکە پێشتر شکستی هێناوە و هۆکارەکەشی پابەندنەبوونە بە رێکارە خۆپارێزییەکان.
حلفی دەڵێت؛ دووبارە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە لە ناوچەکە و وڵاتانی عەرەبی و جیهان و دراوسێش لە ئەنجامی شەپۆلی دووەمی ڤایرۆسەکەیە و، زیادبوونی تووشبوون و مردن بە کۆرۆنا لە ئەوروپا، هۆشدارییەکی ترسناکە بۆ هاتنی شەپۆلێکی دیکەی کۆرۆنا لە وەرزی نوێ، تاکە چارەسەریش جێبەجێکردنی رێکارەکانی خۆپارێزییە بەتایبەتی دوورکەوتنەوەی کۆمەڵایەتی.
لەبارەی چۆنییەتی جێبەجێکردنی رێکارەکانی خۆپارێزی لە عێراق، حلفی ئاشکرای دەکات "تەنیا 20٪ـی عێراقییەکان دەمامک دەبەستن" و زۆربەیان پابەند نین.
بەپێی دوایین راگەیەندراوی وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عێراق، تائێستا 400 هەزار و 124 کەس لە عێراق بە هەرێمی کوردستانەوە، تووشی کۆرۆنا بوون، لەو ژمارەیەش 9790 کەسیان گیانیان لەدەستداوە، لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا باس لەوە دەکرا رەنگە بۆ رێگری لە هەڵکشانی زیاتری ئامارەکانی کۆرۆنا، جارێکی دیکە قەدەغەی هاتووچۆ لە عێراق رابگەیەنرێتەوە.
هـ.ر.