هۆشیار زێباری: ئاماژه‌كانی ئه‌مه‌ریكا بۆ داخستنی باڵیۆزخانه‌كه‌یان له به‌غدا جددین
ململانێكانی نێوان ئه‌مه‌ریكا و ئێران له‌سه‌ر خاكی عێراق روو له ئاڵۆزییه
![](https://d2wqffb2bc8st5.cloudfront.net/resources/files/2020/10/ZEBARI.jpg)
K24- هه‌ولێر:
له دیمانه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی دیجله‌ی عیراقی، هۆشیار زیباری وه‌زیری پێشووتری ده‌ره‌وه‌ی عێراق رایگه‌یاند، ئاماژه‌كانی ئه‌مه‌ریكا بۆ داخستنی باڵیۆزخانه‌كه‌ی له به‌غدا جددی و راسته‌قینه‌ن و جه‌ختیشی كرده‌وه، پێویسته مسته‌فا كازمی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق له مامه‌ڵكردن له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا و ئێران هاوسه‌نگی له‌به‌رچاو بگرێت.
له دیمانه‌كه‌دا زێباری گوتی: تا ئێستا حكومه‌تی عێراق نه‌یتوانیوه له په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ واشنتن و تاران هاوسه‌نگی بخولقێنێت، بۆیه پێویسته كازمی له مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ئه‌و دوو وڵاته هاوسه‌نگی له‌به‌رچاو بگرێت و به‌گوێره‌ی به‌رژه‌وه‌ندی وڵات مامه‌ڵه بكات.
هه‌وره‌ها گوتی: ململانێكانی نێوان ئه‌مه‌ریكا و ئێران له‌سه‌ر خاكی عێراق به‌ره‌و ئاڵۆزی زیاتر ده‌چن و ئه‌گه‌ر نوینه‌رایه‌تی وڵاتانیش له عێراق بكشێنه‌وه، عێراق ده‌كه‌وێته به‌رده‌م پشێوی و شكستێكی زۆر گه‌وره.
سه‌باره‌ت به ئامانجكردنی نوێنه‌رایه‌تییه‌كان و فشار خستنه سه‌ر ئه‌مه‌ریكا هۆشیار زێباری گوتی: "له ماوه‌ی ئه‌و مانگه‌دا بهئامانجكردنهكان و فشاره‌كانی سه‌ر واشنتن زیادیان كردووه"، له‌كاتێكدا به‌گوێره‌ی رێكه‌وتنی ستراتیژی ئه‌مه‌ریكا پابه‌نده به هه‌موو لایه‌نه‌كانی ئه‌و رێكه‌وتنه و هیچ كاتێكی دیاریكراویش بۆ كۆتاییهێنان به‌و رێكه‌وتنه ده‌ستنیشان نه‌كراوه.
دووپاتیشی كرده‌وه، ئه‌وانه‌ی ئێستا داوای كشانه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا ده‌كه‌ن، هه‌ر ئه‌وانه‌ن كه پێشتر به هاوكاری ئه‌مه‌ریكا هاتوونه‌ته سه‌ر ته‌ختی ده‌سه‌ڵات، ئه‌مه‌ش وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ كاتی روخاندنی رژێمی پێشووی به‌عس له ساڵی 2003.
دووپاتیشی كرده‌وه، پێشتر ئێمه وه‌ك یه‌كه‌م لایه‌ن پشتیوانی خۆمان بۆ كازمی نیشانداوه و كارێكی دادپه‌روه‌رانه نییه له ماوه‌یه‌كی كه‌مدا جڵه‌و له‌سه‌ر ئه‌دای كاره‌كه‌ی بكه‌ین و ئه‌و كاتیش بۆ ئه‌وه پشتیوانیمان كرد، چونكه دوای قۆناغی عادل عه‌بدولمه‌هدی كازمیمان به رزگاركه‌ری دۆخه‌كه زانی.
سه‌باره‌ت به دۆخی دارایی عێراقیش هۆشیار زێباری جه‌ختی كرده‌وه، "مه‌ترسیدارترین قه‌یران كه رووبه‌ڕووی حكومه‌تی كازمی ده‌بێته‌وه، قه‌یرانی دارایی و ئابوورییه".
سه‌باره‌ت به‌و گروپانه‌ش كه ده‌ستیان له‌پشت هێرشه مووشه‌كییه‌كانی هه‌ولێر و بهغدیه گوتی: ئه‌و گروپانه‌ش هیچ له داعشی تیرۆریست دوور نین و دووپاتیكرده‌وه، هۆكاری ئه‌و بهئامانجكردنهی هه‌ولێر ئه‌وه‌یه كه هه‌رێمی كوردستان له ئه‌مه‌ریكاوه نزیكه و گوتی: بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئه‌و گروپانه پێویستی به كۆده‌نگییه‌كی نیشتیمانی هه‌یه و كازمی ناتوانێت رێكاری مه‌یدانی بۆ ئه‌و مه‌به‌سته بگرێته‌به‌ر و ئه‌و گروپانه كازمی به لایه‌نگیریكردنی واشنتن تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن.
سه‌رچاوه: كه‌ناڵی دیجله
H.B