پێوەری زیرەکی کارەبا لە کفری دەبەسترێت
سەرپەرشتیاری وێستگەی کارەبای کفری: لە بەرژەوەندیی هەمووانە و یەکسانی دروستدەکات
K24 - کفری
تیمەکانی ئەندازەیی بەستنی پێوەری زیرەکی کارەبا، گەیشتوونەتە شارۆچکەی کفری و خەریکی بەستنی پێوەری زیرەکی کارەبان بۆ ھاوبەشەکانیان، پرۆسەکەش بە شێوەیەكی خێرا بەڕێوەدەچێت.
عەبدوڵڵا شکوور، ئەندازیاری سەرپەرشتیار لەمبارەیەوە دەڵێ "پێوەری زیرەکی کارەبا بۆ هەموو کوردستان دادەنرێت، ئێمەش وەکو کفری لە 7-10ـەوە دەستمان پێکردووە و بەویستی خوا بە زووترین کات تەواو دەبێت. کفری نزیکەی 13 هەزار هاوبەشی کارەبای هەیە. (ئەم پرۆسەیە) لە بەرژەوەندیی هەموو دانیشتووانی کفری و دەوروبەرییەتی چونکە کارەبا بەردەوام دەبێت و دەبێتە نزیکەی 24 کاتژمێر لە رۆژێکدا".
گرنگیی بەستنی پێوەری زیرەکی کارەبا بۆ ھاوبەشەکانی کارەبا لە ھەرێمی کوردستان لەوەدایە: ھەموو ماڵێک بە یەکسانی کارەبای بۆ دابیندەکرێت و زیادەڕۆییەکانی سەر کارەباش ناھێڵێت.
سامان مەسعوود، سەرپەرشتیاری وێستگەی کارەبای کفری باس لەوە دەکات "پرۆژەی بەستنی پێوەری زیرەکی کارەبا بەویستی خوا لە کفری سەرکەوتوو دەبێت، وا پێشنیارکراوە لە ماوەی مانگێکدا پرۆژەکە کۆتایی پێبێت و هەموو هاوبەشەکان پێوەری زیرەکیان بۆ دابنرێت. ئەم پێوەرە دەبێتە مایەی کەمکردنەوەی سەرپێچی لەسەر تۆڕەکانی کارەبا، هەروەها بەفیڕۆدانی کارەباش کەمتر دەبێت و دەبێتە هۆی ئەوەی بەفیڕۆدان نەمێنێت، ئومێدەوارین خەڵک بە سنگی فراوانەوە ئەو پرۆژەیەیان قبوڵ بێت، وەک دیارە لە بەرژەوەندیی هەمووانە و یەکسانییەک دروستدەکات".
کۆی ژمارەی ھاوبەشانی کارەبا لە گەرمیان دەگاتە سەروو 160 هەزار ھاوبەش. بەگوتەی بەرپرسانی كارەبا لە سنوورەكە: بەستنی پێوەری زیرەكی کارەبا بارگرانی لەسەر تۆڕەكانی كارەبا ناهێڵێت، دەبێتە هۆی زیادبوونی ماوەی پێدانی كارەبا، دادپەروەری لە دابەشكردنی كارەبا دەكات و لەگەڵ زۆربوونی ژمارەی هاوبەشانی كارەبا و بەرزبوونەوەی خواست لەسەر كارەبا، پێویستە ئەو پێوەرە هەبێت.
هـ.ر.