ناسا تاقیکردنەوەی ژیان لەسەر مەریخ دەکات

ئاژانسی ناسا ڕایگەیاند، لە ئۆکتۆبەری داهاتوو، تاقیکردنەوەیەک دەکات و ماوەی ساڵێک دەخایەنێت، ئەویش ژیانکردنی کەشتیوانانە لەسەر مەریخ، ئەم تاقیکردنەوە چوار خۆبەخش لەخۆدەگرێت کە لە شوێنێک نیشتەجێ دەکرێن بە تەکنیکی سێ ڕەهەندی دروست دەکرێت.
ئاژانسی ناسا، ئاماژە بەوە دەکات، "چوار توێژەر لە تاقیکردنەوەکەدا بەشدار دەبن، لەناو شوێنێکی نیشتەجێبوونی چاپکراوی سێ ڕەهەندی لە سەنتەری بۆشایی ئاسمانی جۆنسۆن لە ناسا، لە شاری هیوستن لە ویلایەتی تێکساس ئەنجام دەدرێت" ئامانجییش لەو تاقیکردنەوەیە کۆکردنەوەی زانیارییە کە یارمەتیدەر دەبێت لە گەڕان بەدوای مانگ و مەریخ و هەسارەکانی دیکەدا لە داهاتوودا.
ناسا باسی لەوەش کردووە، "لە کاتی تاقیکردنەوەکەدا، تیمەکە ڕووبەڕووی شکستی ئامێرەکان، دواکەوتنی پەیوەندیکردن، گۆشەگیری، جووڵەی سنووردار و دۆخی سترێس دەبنەوە."
ناسا دەشڵێت: بەشداربووان "توێژینەوەی زانستی و ئەرکی پراکتیکی ئەنجام دەدەن، لەوانە ھاوشێوەکردنی ڕۆیشتن لەسەر ڕووی مەریخ، چاندنی سەوزە، ئەنجامدانی نەشتەرگەری ڕۆبۆتی و چالاکییەکانی دیکەی هاوشێوە."
گروپی بەشداربووانی تاقیکردنەوەکە، بڕیارە لە 19ـی ئۆکتۆبەری 2025، دەستپێبکات، کە پێکدێن لە 'ڕۆس ئەلدەر، فڕۆکەوانی تاقیکردنەوەی هێزی ئاسمانی ئەمەریکا، ئیلین ئێلیس، پزیشکی هێزی بۆشایی ئاسمانی ئەمەریکا، ماتیۆ مۆنتگۆمێری، زانا و ئەندازیار جەیمس سپایسەر، سەرۆکی تەکنەلۆژیای بۆشایی ئاسمان و بەرگریی.
ناسا هیوادارە ئەم تاقیکردنەوە 278 ڕۆژە کە لە 31ـی ئۆکتۆبەری 2026 کۆتایی دێت، هەروەها داتا کۆدەکەنەوە بۆ ئەوەی باشتر لە کاریگەرییە ئەگەرییەکانی گەشتە درێژەکان بۆ سەر هەسارەی مەریخ تێبگەن.