ویلایەتی: پێویستە هەنگاوی بەپەلە و کردەیی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئیسرائیل بنرێت

سکرتێری گشتیی کۆڕبەندی جیهانیی بیداریی ئیسلامی، بە ئاماژەدان بە کردەوەکانی ئیسرائیل لە فەڵەستین، جەختی کردەوە، ئەرکی ئێمە تەنیا سەرکۆنەکردنی زارەکی نییە، بەڵکو دەبێت هەنگاوی بەپەلە و کردەیی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئیسرائیل بنرێت.
سێشەممە، 9ـی ئەیلوول 2025، ئاژانسی هەواڵی ئیرنا، بڵاوی کردەوە "کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی باڵای کۆڕبەندی جیهانیی بیداریی ئیسلامی بەناونیشانی 'فەڵەستین؛ تەوەرەی یەکگرتوویی نەتەوەی ئیسلامی' لە تاران بەڕێوەچوو.
عەلی ئەکبەر ویلایەتی، سکرتێری گشتیی کۆڕبەندەکە و ڕاوێژکاری باڵای ڕێبەری کۆماری ئیسلامی، لە پەیامێکدا ڕایگەیاند "ئێمە لێرە کۆنەبووینەتەوە تەنیا بۆ ئەوەی داخ و پەژارە دەرببڕین یان ناڕەزایەتی پیشان بدەین؛ بەڵکو هاتووین بۆ ئەوەی بەرپرسیارییەتیی مێژوویی خۆمان لە ئەستۆ بگرین."
ویلایەتی لە پەیامەکەیدا دەڵێت: "ئیسرائیل بە پشتبەستن بە پشتیوانیی بێسنووری ئەمەریکا، ڕێگەی بەخۆی داوە منداڵان زیندەبەچاڵ بکات، ئافرەتانی دووگیان بکوژێت، کەسایەتییە دیارەکانی فەڵەستین لەناو ببات و ژێرخانە گرنگەکان وێران بکات. ئەمە تاوانە دژی مرۆڤایەتی و هەوڵێکە بۆ جینۆسایدی کولتووری، جوگرافی و دیمۆگرافی."
سکرتێری گشتیی کۆڕبەندی جیهانیی بیداریی ئیسلامی، لە پەیامەکەیدا جەختی کردەوە "لەسەر ئەم بنەمایە، ئەرکی ئێمە تەنیا سەرکۆنەکردنی زارەکی نییە؛ بەڵکو دەبێت هەنگاوی بەپەلە و کرداریی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم کردەوانە بنرێت، لەوانە، فشاری نێودەوڵەتی بۆ کردنەوەی دەروازە مرۆییەکان بۆ غەززە و شکاندنی گەمارۆ، تاوەکو خەڵک پێداویستییە سەرەتاییەکانیان پێ بگات. پێکهێنانی دادگایەکی نێودەوڵەتیی تایبەت بۆ دادگاییکردنی تاوانبارانی جەنگ، سەپاندنی گەمارۆی هەمەلایەنەی ئابووری، سیاسی و سەربازی بەسەر ئیسرائیل و ناچارکردنی میدیاکان بە ڕووماڵکردنی بێلایەنانە و بێسانسۆری کارەساتەکانی غەززە."