وەزارەتی دەرەوەی قەتەر سەرکۆنەی هێرشەکەی ئیسرائیل دەکات

وەزارەتی دەرەوەی قەتەر، بە توندترین شێوە هێرشەکەی ئیسرائیلی بۆ سەر چەند بارەگایەکی بزووتنەوەی حەماس لە دەوحە سەرکۆنە کرد.
سێشەممە 9ـی ئەیلوولی 2025، ماجید ئەنساری، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر، ڕاگەیەنراوێکی لە بارەی هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر چەند بارەگایەکی بزووتنەوەی حەماس لە دەوحەی پایتەختی قەتەر بڵاو کردەوە.
لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، بە توندترین شێوە هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر چەند بارەگایەکی ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی حەماس لە دەوحە، سەرکۆنە دەکەین.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر، جەختی لەوە کردەوە، ئەم هێرشە تاوانکارییە پێشێلکارییەکی ئاشکرای هەموو یاسا نێودەوڵەتییەکانە، هەروەها هەڕەشەیەکی جیددییشە لەسەر ئاسایش و سەلامەتی قەتەرییەکان.
ئەنساری دووپاتی کردەوە، کە دەستبەجێ لایەنە ئەمنییەکان، بەرگریی شارستانی و لایەنە پەیوەندیدارەکان، دەستیان کرد بە لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە و گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست، هەروەها تەواوی وردەکاری لەسەر ڕووداوەکە ئاشکرا دەکرێت.
کەمێک لەمەوبەر سوپای ئیسرائیل لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (ئێکس) بڵاوی کردەوە، بە هاوکاری دەزگای ئاسایشی ناوخۆیی ئیسرائیل (شاباک) هێرشێکی ئاسمانییان کردووەتە سەر بەرپرسانی باڵای حەماس، کە ساڵانێکە چالاکییەکانی ئەو گرووپەیان بەڕێوە دەبرد و لە هێرشەکانی 7ـی ئۆکتۆبەر 2024 دەستییان هەبووە.