شاندێکی بازرگانانی ئەمەریکا سەردانی پرۆژەی ئاوی فریاگوزاری خێرای هەولێریان کرد

شاندێکی گەورە بازرگانانی ئەمەریکا سەردانی شەش پرۆژەی ئاوی فریاگوزاری خێرای هەولێریان کرد و سەرسامن بە پرۆژەکە، لەلایەکی دیکەشەوە هاووڵاتیانی ئەو گەرەکانەی پێشتر کێشەی بێ ئاویان هەبووە و بە تەنکەر ئاویان دەکڕی ئێستا دڵ خۆشن بە پرۆژەکە و دەڵێن ئیسراحەتمان کردووە و باشترین پرۆژەیە.

تاریق ئیلا زاب، سەرۆکی یەکەی بازرگانی ئەمەریکا بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئەمە پرۆژەیەکی ناوازەیە، بۆ پڕکردنەوەی سەدا 60 پێویستییەکانی شار، ئەمەش زۆر گرنگە و  ئاوی ژێر زەوی دەگەرێنێتەوە، پرۆژەکە پێشکەتووە و وێڕای ئەوەش نوێترین تەکنەلۆجیای تیادا بەکارهاتووە کە وای کردووە جێگەی سەرسوڕمان بێت.

سۆران شوانی، هاووڵاتی دەڵێت: ئێمە پێشتر کێشەی کەمئاویمان هەبوو لەم گەڕەکە، وامان لێهاتبوو خانووەکانمان لێرە بفرۆشین، لەبەر ئەوەی کێشەی ئاوی هەبوو، خانووەکانیشمان بۆ نەدەفرۆشرا. بەڵام ئێستا سوپاسی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی دەکەین بە کاتێکی کەم توانی گرفتی کەمئاوی لە هەولێر نەهێڵێت.

یوسف حەمید، مامۆستا دەڵێت: بەهۆی ئەم پرۆژەی ئاوە ئێستا هەمووماڵەکانی ئەم گەڕەکە ئاویان هەیە، هەموو ڕۆژێک ئاومان هەیە و هەرماڵێکیش بەگوێرەی پێویستی خۆی ئاو بەکاردەهێنیت، خزمەتێکی زۆر باشیش کراوە.

لەلایەکی دیکە عەدنان فەرحان، هاووڵاتی ڕایگەیاند، زۆربەی شەوان تا کاتژمێر 5:00 بەرەبەیان دانیشتووین بە دیار ئاوەوە و ئاویش نەدەگەیشت پێمان، ئاومان دەکڕی، ئێمە لەم گەرەکە لە ڕووی ئاوەوە دۆخمان باش نەبوو. دەستخۆشی لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین، بۆ گەیاندنی و جێبەجێ کردنی ئەم پرۆژەی ئاوە، ئێمە ئێستا کێشەی ئاومان نەماوە. 

هەڵمەت نوری، هاووڵاتی گوتی: سوپاسی سەرۆکی حکوومەت دەکەین، ئێستا گرفتی کەمئاویمان نەماوە و بە 24 کاتژمێر ئاومان هەیە، لە تەنیشت گرفتی کێشەی کەمئاوی گرفتی کارەباشمان هەبوو، ئێستا کارەباکەشمان 24کاتژمێرییە دڵخۆشین بەم پرۆژانە.

پرۆژەی فریاگوزاری ئاوی خێرای هەولێر سەرەتا گەیشتۆتە گەڕەکە هەژارنشینەکان، تا کۆتایی ساڵیش 253 هەزار هاوبەشی ئاو لە پڕۆژەکە سوودمەند دەبن.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment