هەسەدە و سووپای سووریا یەکتر تۆمەتبار دەکەن

سوپای سووریا ڕایدەگەیەنێت، پێگە و بنکەکانی هێزەکانیان لەلایەن هێزەکانی سووریای دیموکرات(هەسەدە)ـی لە فڕۆکەخانەی سەربازیی(جەراح)ـی لە ڕۆژئاوای حەلەب، بۆردوومان کراوە.
فەرمانگەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی وەزارەتی بەرگریی سووریا ڕایگەیاند: ئێوارەی دوێنێ 10ـی ئەیلوولی 2025، هێزەکانی سووریای دیموکرات( هەسەدە)، کتوپڕ هێرشێکی فراوانی کردووەتە سەر هێزەکانیان لە فڕۆکەخانەی سەربازیی(جەڕاح) و دەورووبەری شارۆچکەی مەسکەنە لە ڕۆژئاوای حەلەب، لە هێرشەکەشدا، ماڵ و خانووی گوندنشینانی ئەو ناوچەی وێران کردووە کە بەهۆیە دوو هاووڵاتی گیانیان لەدەستدا و سێ هاووڵاتیی دیکەش برینداربوون.
وەزارەتی بەرگریی سووریا ئاشکرای کردووە، دوای هێرشەکەی هێزەکانی سووریای دیموکرات، سوپای سووریا دەستی بە هێرشکردنی پێچەوانەوە کردووە.
وەزارەتی بەرگریی ئەو وڵاتە لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوە کردووە، هەموو ئەرکێکی خۆی بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتییانی سووریا و موڵک و ماڵیان دەگرێتە بەر، هیچ کەمتەرخەمییەک لەو بارەوە ناکەن.
ئاژانسی هەواڵی سانای سووریا بڵاوی کردەوە، هێزەکانی سووریای دیموکرات(هەسەدە) بە کاتیۆشا و مووشەک و هاوەن، چەند ناوچەیەکی لە دەورووبەری حەلەب بۆردوومان کردووە.
لە بەرانبەردا، هێزەکانی سووریای دیموکرات(هەسەدە)، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: ڕێگرییان لە ژمارەیەک چەکداری سەر بە حکوومەتی سووریا کردووە کە هەوڵیانداوە دزە بکەنە ناوچەکانی دەورووبەری"تەل حافر" لە بەرەی باشوور لە ڕۆژهەڵات و نائارامیان دروستکردووە، دوای هێرشەکەشی بۆ سەر ئەو چەکدارانە، جارێکی دیکە ئارامیان بۆ ناوچەکە گەڕاندووەتەوە.
هێزەکانی سووریای دیموکرات لە بەیاننامەکەدا ئاماژەی بەوە کردووە، هێرشەکەی چەکدارانی سوپای سووریایان تێکشکاندووە و شکستیان بە هەوڵەکانیان هێناوە بۆ داگیرکردنی ناوچەکە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، هێزەکانیان بەرپرسیارەتی تەواویان هەیە بۆ وەڵامدانەوەی هەموو ئەو دەستدرێژیانەی دەکرێنە سەریان و دووپاتی ئەوەش دەکاتەوە، لایەنی بەرانبەر بەردەوام ئەو هەوڵانە دووبارە دەکاتەوە و نا ئارامی لە ناوچەکە دروست دەکات، هەسەدە هاووڵاتییان دڵنیا دەکاتەوە لەوەی، بارودۆخەکە کۆنتڕۆڵ کراوە و ئامادەیی بەردەوامیان هەیە بۆ وەڵامدانەوەی هەر هێرشێکی دیکە کە لەناکاو بکرێتە سەریان.
فەرهاد شامی، بەرپرسی ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات( هەسەدە) بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند: ئێستا بارودۆخەکە ئارامە، شامی هیچ زانیارییەکیشی لەبارەی زیانەکانی دوای شەڕەکەی نێوان هەسەدە و چەکدارانی سوپای سووریا ئاشکرا نەکرد.
لە دوو هەفتەی ڕابردوودا، هێزەکانی سووریای دیموکرات(هەسەدە) و هێزەکانی هاوپەیمانان، ڕاهێنانی سەربازیی هاوبەشیان لە(تەل تەمەر)، لە دوو کاتی جیاوازدا کرد، تێیدا فڕۆکەی جەنگی و هەلیکۆپتەر بەکارهاتن، بەشێوەیەک ڕاهێنانەکان هەر جارێک، هەفتەیەک بەردەوام بووە.