باباجان: ده‌سه‌ڵاتی ئەردۆغان ناتوانێت تا ساڵی 2023 خۆی راگرێت

دەسەڵاتدارانی فەرمانڕەوا سندوووقە یەدەگەكانی تایبەت بە قەیرانەكانیشیان خەرجكردووە

K24 – ھەولێر:

سەرۆكی حزبی "دیموكراتییەت و پێشكەوتن"ـی توركی، عەلی باباجان رایگەیاند، حكومەتی ئێستای توركیا ناتوانێت ژینگەیەكی ئارام و سەقامگیر بۆ وڵات درووستبكات و رژێمی ئێستا ناتوانێت خۆڕاگر بێت.

باباجان دوای بەستنی كۆنگرەی حزبەكەی لە شاری وان بە رۆژنامەنووسانی گوت: "حكومەتی ئێستای توركیا ناتوانێت جارێكیدیكە ژینگەیەكی ئارام و سەقامگیر بۆ وڵات درووستبكات، بۆیە دەستمان كرد بە بزووتنەوەیەكی دیكەی سیاسی نوێ. بەدیدی ئێمە رژێمی ئێستا ناتوانێت تا حوزەیرانی ساڵی 2023 خۆڕاگر بێت، كە كاتی فەرمیی ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی و سەرۆكایەتی توركیایە".

گوتیشی: ژێرخانی ئابووری و دارایی زۆر داڕماوە و ئێستا ھیچ داھات و سامانێك لە دەست دەسەڵاتدارانی فەرمانڕەوا نەماوە".

روونیشكردەوە، "دەسەڵاتدارانی فەرمانڕەوا سندوووقە یەدەگەكانی تایبەت بە قەیرانەكانیشیان خەرجكردووە و توركیا بەڕاستی بەرەو رووی كێشەیەكی گەورە بووەتەوە، بەڵام دەكرێت لە میانی ئیدارەیەكی رێك و راست چاك بكرێتەوە".

بەپێی دەستەی ئاماری توركیا، كە بەرھەڵستكاران بە بەردەوامی گومانیان لە داتاكانی ھەیە،" ھەڵاوسانی دراو لە توركیا لە مانگی ئەیلوولی رابردووە تەنھا 11.75 بووە.

لە لایەن خۆیەوە، بانكی ناوەندی توركیا رایگەیاند، "بەرزبوونەوەی رێژەی ھەڵاوسان لە توركیا لە ئەنجامی بەرزبوونەوەی نرخی دراوی بیانییە لە بەرامبەر لیرەی توركیا كە 25% بەھاكەی لە سەرەتای ئەم ساڵەوە لە دەستداوە".

سەرچاوە: "زەمانی توركی"

Fly Erbil Advertisment