بە ڕاسپاردەی سەرۆک وەزیران چارەسەریی پزیشکی پێشکەشی خێزانێکی ئێزدی دەکرێت
بە ڕاسپاردەی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، چارەسەریی پزیشکی پێشکەشی شەش ئەندامی خێزانێکی ئێزدی دەکرێت کە تووشی شێرپەنجە بوون.
لە نەخۆشخانەی 'ئازادی'ـی شاری دهۆک، دوو ئەندامی خێزانێکی ئێزدی کە دانیشتووی کەمپی 'باجدکەندالا'ـی زاخۆن و تووشی نەخۆشی شێرپەنجە ببوون؛ بە ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، نەشتەرگەرییان بۆ ئەنجامدرا و بە سەرکەوتوویی تەواوبوو.
ئەو خێزانە ئێزدییە کە خەڵکی شنگالن و دوای هێرشی ساڵی 2014 ئاوارەی زاخۆ بوون، چەند ساڵێکە شەش ئەندامیان تووشی نەخۆشی شێرپەنجە بوون. بەهۆی بارودۆخی داراییانەوە، نەیدەتوانی چارەسەری پێویست وەربگرن، و ئەمە وای لێکردبوون کە چەندین ساڵ بێ هیوا بن لە وەرگرتنی چارەسەری تەندروستی.
دکتۆر سەگڤان سلێمان، بەڕێوەبەری گشتیی نەخۆشخانەی ئازادیی دهۆک، بە ماهر شنگالی، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند "بە سەرپەرشتی و ڕاسپاردەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، نەشتەرگەری بۆ دوو ئەندامی خێزانەکە لە نەخۆشخانەی ئازادی دهۆک بە سەرکەوتوویی ئەنجامدراوە. بەختانە، هەردوو ئەندامەکە دوای نەشتەرگەرییەکە بە سەلامەتی لە نەخۆشخانە دەرچوون و گەڕانەوە ناو کەسوکار و خێزانەکەیان. "
عەیشان خەلەف، یەکێک لە نەخۆشەکان، خۆشحاڵی خۆی دەربڕی و گوتی: "زۆر دڵخۆشین کە ئەمڕۆ نەشتەرگەرییەکەمان سەرکەوتوو بوو و سوپاس بۆ خوا ئێستا باشین. زۆر سوپاسگوزاری سەرۆکی حکوومەت و خەڵکی خێرخوازین کە هاوکارمان بوون. بارودۆخەکەمان زۆر قورس بوو."
مەناڵ عەبدوڵڵا، نەخۆشێکی دیکە، گوتی: "ڕۆژێکی زۆر خۆش بوو کە بە سەلامەتی گەڕاینەوە نێو خێزانەکەمان. هیوادارم دایکم و خوشک و براکانی دیکەمیش بە سەرکەوتوویی چارەسەر ببن و بگەڕێنەوە ماڵەوە."
بڕیارە چوار ئەندامەکەی دیکەی خێزانی 'عەبدوڵڵا خدر' کە تووشی نەخۆشی شێرپەنجە بوون، لە داهاتوویەکی نزیکدا هەموو چارەسەرییەکی پێویستیان بە خۆڕایی بۆ دابین بکرێت. ئەم دەستپێشخەرییە دەرفەتێکی نوێی ژیانی بەم خێزانە بەخشی و هیواخوازن بە تەواوی چاکببنەوە و بگەڕێنەوە سەر ژیانی ئاسایی خۆیان.