هاووڵاتیان له ناوچه سنوورییه‌كان داوای پاككردنه‌وه‌ی گونده‌كانیان له چه‌كدارانی په‌كه‌كه ده‌كه‌ن
ده‌ڵێن ئه‌گه‌ر ده‌رنه‌كرێن، خۆمان ناوچه‌كانمان له چه‌كدارانی په‌كه‌كه پاكده‌كه‌ینه‌وه
K24 – دهۆك:
بوونی چه‌كدارانی په‌كه‌كه له ناوچە سنوورییەکانی هه‌رێمی كوردستان بۆ هاووڵاتیان بووه‌ته سه‌رئێشه‌یه‌كی گه‌وره و وەک خۆیان ده‌ڵێن، ده‌بێت په‌كه‌كه له ناوچه‌كانی ئەوان دووربكه‌وێته یان ئەوان ده‌ڤه‌ره‌كه‌یان له چه‌كدارانی په‌كه‌كه پاکدەکەنەوە.
چۆڵكردنی گونده سنوورییه‌كان له‌به‌ر په‌كه‌كه به‌رده‌وامه و تا ئێستا له سنووری پارێزگای دهۆك بەهۆی په‌كه‌كەوە 300 گوند چۆڵکراون، گوندی گه‌لیكێ دواین گوندی سنووری ئامێدیە، كه دوای ئەوەی چه‌كدارانی په‌كه‌كه له به‌رچاوی ماڵ و منداڵەکانیدا به‌ڕێوبه‌ری ئاسایشی سه‌رزێرێیان تیرۆركرد، چۆڵکرا.
ئێواره‌ی رۆژی پێنجشه‌ممه (8ی تشرینی یه‌كه‌م/ ئۆكتۆبه‌ری 2020)، به‌ڕێوبه‌ری ئاسایشی گومرگی سه‌رزێڕێ "غازی ساڵح ئالیخان" له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌یدا سه‌ردانی گوندی "بیگداودا"ـی له سنووری ناحیه‌ی "كانی ماسی" كردبوو و له‌وێ له لایه‌ن چه‌ند چه‌كدارێكی نه‌ناسراوه‌وه به چه‌كی قه‌ناس كرابووه نیشانه و بریندار كرا.
دوای گواستنه‌وه‌ی بۆ نه‌خۆشخانه‌ی قه‌زای "زاخۆ" به هۆی سه‌ختی برینه‌كه‌یه‌وه گیانی له‌ده‌ستدا.
له‌و باره‌یه‌وه، به‌ڕێوبه‌رایه‌تی گشتیی ئاسایشی هه‌ولێر، له راگه‌یه‌ندراوێكدا، كه رۆژی (10ی تشرینی یه‌كه‌م/ ئۆكتۆبه‌ری 2020) بڵاویكرده‌وه، رایگه‌یاند، له لێكۆڵینه‌وه‌كانیاندا به‌و ئه‌نجامه گه‌یشتوون، كه چه‌كدارانی پارتی كرێكارانی كوردستان(په‌كه‌كه)، ئه‌و ئه‌فسه‌ره‌ی ئاسایشیان شه‌هید كردووه.