ترەمپ: هاتنی درۆنی ڕووسیا بۆ ئاسمانی پۆڵەندا ڕەنگە بە هەڵە بووبێت

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، ڕایگەیاند، ڕەنگە هاتنی درۆنی ڕووسیا بۆ ناو ئاسمانی پۆڵەندا "بە هەڵە" بووبێت.

دۆناڵد ترەمپ لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەنووسان، ئاماژەی بەوەکرد، "لە هەر حاڵەتێکدا بۆ ئەم دۆخەی ئێستا لە هیچ شتێک ڕازی نیم."

ئەمەش دوای ئەوە هات کە پۆڵەندا سنووردارکردنی هاتوچۆی ئاسمانی بەدرێژایی سنووری ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکەی ڕەتکردەوە، دوای ئەوەی زیاتر لە 10 درۆنی ڕووسی چوونە ناو ئاسمانی وڵاتەکەیەوە، ئەمەش بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ئاژانسی ڕۆژنامەوانی پۆڵەندا بە پشتبەستن بە گوتەبێژی دەسەڵاتی فڕۆکەوانی.

لای خۆیەوە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەمڕۆ هەینی کۆدەبێتەوە بۆ تاوتوێکردنی هێرشەکانی درۆنەکانی ڕووسیا بۆ ناو ئاسمانی پۆڵەندا.

پۆڵەندا لە خستنەخوارەوەی درۆنەکان پاڵپشتی هاوپەیمانەکانی لە ناتۆ وەرگرت، ئەمەش یەکەمجارە ئەندامێکی هاوپەیمانی سەربازیی ڕۆژئاوا لەکاتی جەنگی ڕوسیا و ئۆکرانیا تەقە لە فڕۆکەکە بکات.

لەلایەکی دیکەوە ڕووسیا دووپاتی کردەوە، بەنیازی بۆردومانی هیچ ئامانجێک نەبووە لە پۆڵەندا و وردەکاری زیاتر لەبارەی ڕووداوەکەوە نادات.

بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە، 10ـی ئەیلوولی 2025، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنی هێزە چەکدارەکانی پۆڵەندا لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی داوە، لە هێرشەکانی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا، چەند درۆنێکی ڕووسی سنوورەکانی ئاسمانی وڵاتەکەیان تێپەڕاندبوو. 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا باسی لەوەش کردووە، ڕادارەکان زیاتر لە 10 درۆنیان ئاشکرا کرد و ئەوەی بۆ سەر ئاسایشی وڵات هەڕەشە بوو خراوەنەتە خوارەوە.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment