پۆڵەندا 40 هەزار سەرباز لەسەر سنووری وڵاتەکەی جێگیر دەکات

ڕووسیا داوا لە پۆڵەندا دەکات پێداچوونەوە بە بڕیاری داخستنی سنوور لەگەڵ بیلاڕووس بکات

پۆڵەندا 40 هەزار سەربازی ڕەوانەی سنووری ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکەی کردووە، وەک ئامادەکارییەک بۆ مەشقی سەربازیی ڕووسیا "ڕۆژئاوا-2025" لە بیلاڕووس.

ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە ئەورووپا لە ئامادەباشییەکی زۆردایە دوای ئەوەی لەم هەفتەیەدا درۆنەکان ئاسمانی پۆڵەندایان پێشێل کرد.

دۆناڵد تاسک، سەرۆک وەزیرانی پۆڵەندا، مانۆڕەکانی بە "لەڕادەبەدەر شەڕانگێزانە" وەسفکرد و فەرمانی دا 40 هەزار سەرباز لەسەر سنووری وڵاتەکەی جێگیر بکات.

لای خۆیەوە، چێزاری تۆمچیک, جێگری وەزیری بەرگریی پۆڵەندا، دووپاتی کردەوە وڵاتەکەی چەند مانگێکە ئامادەکاری بۆ مەشقەکانی "ڕۆژئاوا-2025" دەکات و گوتیشی: دەبێت سوپای پۆڵەندا و هێزەکانی ناتۆ ئامادەبن بۆ وەڵامدانەوەی گونجاو.

ئاماژەی بەوەشکرد، "شەڕی ئۆکرانیا لەم ناوچەیەوە دەستیپێکردووە، بۆیە سوپای پۆڵەندا خۆی بۆ ئەم سیناریۆیە ئامادە دەکات و نزیکەی 40 هەزار سەربازمان لەسەر سنوور دەبێت."

لای خۆیەوە وەزارەتی دەرەوەی بیلاڕووسیا بڕیاری داخستنی سنوورەکانی پۆڵەندای بە "ناڕەوا و دژ بە بەرژەوەندیی گەل" وەسف کرد.

ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا، داوای لە دەسەڵاتدارانی پۆڵەندا کرد بە وردی بیر لە دەرئەنجامەکانی بڕیارەکەیان بکەنەوە و بە زووترین کات پێداچوونەوەی پێدا بکەن، جەختیشی کردەوە "کردەوە پەرەسەندنەکانی سەرکردایەتی پۆڵەندا بە ئامانجی پاساودانەوەی ڕێبازەکەیە بۆ پەرەپێدانی گرژییەکان لە ئەورووپا.

گوتیشی: "بڕیاری داخستنی سنووری پۆڵەندا لەگەڵ بیلاڕووس، زیانی گەورە بە هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانی وارشۆ دەگەیەنێت."

ئاماژەی بەوەش دا، "داوا لە وارشۆ دەکەین دەرئەنجامەکانی ئەم هەنگاوە تێکدەرانە لەبەرچاو بگرێت و بە زووترین کات پێداچوونەوە بە بڕیارەکەدا بکات." باسی لەوەش کرد، دەسەڵاتدارانی پۆڵەندا بڕیاریانداوە لە کاتژمێر 12:00ـی شەوی 12ـی ئەیلوولەوە سەرجەم دەروازە سنوورییەکان لەگەڵ بێلاڕووس دابخەن، بە دەروازە وشکانی و شەمەندەفەرەکانیشەوە.

دۆناڵد تاسک، سەرۆک وەزیرانی پۆڵەندا لە 9ـی ئەیلوولدا داخستنی سنووری لەگەڵ بیلاڕووسی ڕاگەیاند، کە لە نیوەی شەوی 12ـی ئەیلوولەوە کاری پێدەکرێت، هاوکاتە لەگەڵ دەستپێکردنی مانۆڕی هاوبەشی ڕووسیا و بیلاڕووس "ڕۆژئاوا-2025".

هەروەها ڕووسیا و بیلاڕووس لە ئەمڕۆ هەینی تا سێشەممەی داهاتوو ڕاهێنانی "ڕۆژئاوا-2025" لەسەر سنووری پۆڵەندا و لیتوانیا ئەنجام دەدەن. شایەنی باسە ئەم ڕاهێنانانە هەر چوار ساڵ جارێک دەکرێت و دوا ڕاهێنانیش لە ساڵی 2021 کرا.

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment