ئه‌رمینیا به‌گوێره‌ی مادده‌ی "تیرۆری نێوده‌وڵه‌تی" په‌ڕاوی لێكۆڵینه‌وه‌ بۆ تاوانه‌ جه‌نگییه‌كانی‌ قه‌رباغ ده‌كاته‌وه‌

"چه‌كداره‌ به‌كرێگیراوه‌ بیانییه‌كان به‌ جلی سه‌ربازییه‌وه‌ به‌شێوه‌یه‌كی دڕندانه‌ هاووڵاتیانی سڤیل ده‌كوژن"

K24- هه‌ولێر:

به‌ پشتبه‌ستن به‌ چه‌ند زانیارییه‌ك له‌باره‌ی به‌شداریكردنی "گروپه‌ میلیشیا و به‌كرێگیراوه‌ بیانییه‌كان" له‌ جه‌نگی قه‌ره‌باغ، ئه‌رمینیا كه‌یسی تاوانه‌ تیرۆرستییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی به‌ گوێره‌ی "مادده‌ی تیرۆری جیهانی" كرده‌وه‌.

نووسینگه‌ی رۆژنامه‌وانی داواكاری گشتی له‌ ئه‌رمینیا رایگه‌یاند، "له‌سه‌ر بنه‌مای چه‌ند زانیارییه‌ك له‌باره‌ی به‌سه‌ربازكردن و به‌كارهێنانی گروپه‌ میلیشیا و چه‌ته‌ بیانییه‌كان له‌لایه‌ن ئازه‌ربایجانه‌وه‌ له‌ ده‌ستپێكی شه‌ڕی قه‌ره‌باغه‌وه‌، نووسینگه‌ی داواكاری گشتیی ناوه‌ندی سه‌ربازی ئه‌رمینیا په‌ڕاوی لێكۆڵینه‌وه‌ی بۆ‌ تاوانه‌كانی جه‌نگ له‌ قه‌ره‌باغ به‌گوێره‌ی مادده‌ی تیرۆری نێوده‌وڵه‌تی كردووه‌ته‌وه‌".

به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی نووسینگه‌ی داواكاری گشتیی ئه‌رمینیا، چه‌ند زانیارییه‌كیان ده‌ستكه‌وتووه‌، ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌ده‌ن، "هێزه‌ چه‌كداره‌كانی ئازه‌ربایجان گروپه‌ چه‌كداره‌ به‌كرێگیراوه‌كانی ناچار كردووه‌، له‌ كرده‌ سه‌ربازییه‌كانیان له‌ ناوچه‌ی "هۆرادیز" له‌ دژی كۆماری ئه‌رتساخ به‌رده‌وام بن، وێڕای ئه‌وه‌ی ئاگربه‌ست راگه‌یه‌ندراوه‌".

داواكاری گشتی ئه‌رمینیا دووپاتی كرده‌وه‌، "چه‌كداره‌ بیانییه‌ به‌كرێگیراوه‌كان جلی سه‌ربازیی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی ئازه‌ربایجان ده‌پۆشن" و گوتیشی: "ئه‌و چه‌كدارانه‌ به‌شدارییان له‌ هێرشی سه‌ر ناوچه‌ی "كاراخانبیلی" و كرده‌ی وێرانكاری و هه‌ڵكوتانه‌ سه‌ر ناوچه‌ "قه‌دروت"ـدا كردووه‌"، كه‌ به‌ گوته‌ی خۆی، "له‌و كردانه‌دا چه‌ندین خانوویان سووتاندووه‌ و به‌ شێوه‌یه‌كی دڕندانه‌ خه‌ڵكی سڤیل و ئه‌ندامانی سوپای به‌رگری ئه‌رتساخیان كوشتووه‌".

سه‌رچاوه‌: نوفوستی

H.B