لە سووریا خوێندکارانی کورد خەڵاتکران

یەکێتیی خوێندکاران و لاوانی دیموکراتی کوردستانی ڕۆژئاوا، ئاهەنگێکی بۆ خەڵاتکردنی خوێندکارە کوردە سەرکەوتووەکانی قۆناغی بەکالۆریۆس لە دیمەشق پایتەختی سووریا ڕێکخست. بەگوێرەی یەکێتیی خوێندکاران، ئامانج لەم چالاکییە، زیاتر پشتگیریکردنی خوێندن و فێربوون و هاندانیانە، تاوەکوو لەناو خوێندکاراندا زیاتر گرنگی پێبدرێت.

ئەحمەد حاجۆ، یەکێک لە ڕێکخەرانی ئاهەنگەکە، بە کوردستان24ی گوت: "دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد، خوێندکار ڕۆڵێکی گرنگی هەیە، بە تایبەتی ئەندامانی یەکێتیی خوێندکاران و لاوانی دیموکراتی کوردستانی ڕۆژئاوا، دەبێت ڕۆڵی خۆیان لە زانکۆ و قوتابخانەکاندا بگێڕن بۆ ئەوەی بتوانن خزمەتی بۆ خوێندکاران بکەن."

لە ئاهەنگەکەدا ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامانی یەکێتییەکە، نوێنەرانی دەزگا و کۆمەڵە ڕۆشنبیرییەکان، بنەماڵەی خوێندکارە کوردەکان، و کەسایەتیی ئەکادیمی و کۆمەڵایەتی ئامادەبوون.

عەباس محەممەد، یەکێک لە خوێندکارە خەڵاتکراوەکان، سوپاسی ڕێکخەرانی کرد و ئاماژەی دا"ئەم سەرکەوتنە سەرکەوتنی هەموو کورد و کوردستانە، هیوادارم هەمیشە سەرکەوتوو بین."

خوێندکارێکی دیکە بە ناوی ئەیمەن حوسێن، دڵخۆشیی خۆی دەربڕی و گوتی: "زۆر دڵخۆشم کە ئەمڕۆ لەگەڵ هاوڕێکانمدا خەڵات دەکرێم، ئەمە پاداشتی 12 ساڵ خوێندنی ئێمەیە."

لە ئاهەنگەکەدا جەخت لەوە کرایەوە کە خوێندن و فێربوون بەهێزترین چەکن بۆ بنیاتنانی داهاتوو، هەروەها سەرکەوتنی خوێندکارانی کورد تەنیا سەرکەوتنێکی تاکەکەسی نییە، بەڵکوو سەرکەوتنە بۆ دۆزی کورد و پاراستنی ناسنامەیان لە سووریادا.

 
 
Fly Erbil Advertisment