شرۆڤەکار و دیپلۆماتێکی پێشووی ئێران: گفتوگۆ و دانوستان تاکە بژاردەیە
سیاسەتی دەرەوەی ئێران لە ساڵانی ڕابردوودا نەیتوانیوە گرنگترین ئەرکی خۆی، کە پاراستنی وڵاتە لە جەنگ، بە چاکی جێبەجێ بکات

کوروش ئەحمەدی، شرۆڤەکار و دیپلۆماتی خانەنشینی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی "هەممیهەن"، شیکاری بۆ دۆخی ئێستای سیاسەتی دەرەوەی ئێران کردووە، بەتایبەتی دوای جەنگی 12 ڕۆژە و لە کاتێکدا کە ئەگەری گەڕانەوەی سەپاندنەوەی سزاکان لە ئارادایە.
سیاسەتی دەرەوە و تێڕوانینە هەڵەکان
کوروش ئەحمەدی، پێیوایە سیاسەتی دەرەوەی ئێران لە ساڵانی ڕابردوودا نەیتوانیوە گرنگترین ئەرکی خۆی، کە پاراستنی وڵاتە لە جەنگ، بە چاکی جێبەجێ بکات. ئەو یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی ئەم شکستە بۆ "هەڵەی تێگەیشتن" و ئەو شیکارییانە دەگەڕێنێتەوە کە سیاسەتوانان لەسەر بنەمای زانیاریی نادروست کردوویانە. بە بڕوای ئەو شرۆڤەکارە، ئەو تێڕوانینەی کە لایوایە پیتاندنی یۆرانیۆم بە تەنیا دەتوانێت هێزی بەرپەرچدانەوە دروست بکات، هەڵەیەکی گەورە بوو. ئەم ڕێبازە نەک هەر ئاسایشی بەدی نەهێنا، بەڵکوو خۆی بووە هۆکارێک بۆ توندتربوونی هەڕەشەکان بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی.
ئەم دیپلۆماتکارە خانەنشینە، جەخت لەوە دەکاتەوە کە تێکەڵکردنی پرۆگرامی ئەتۆمی لەگەڵ لایەنەکانی دیکەی سیاسەتی دەرەوە، وەک دروشمەکان و سیاسەتەکانی پەیوەست بە ئیسرائیل و "تەوەری بەرگری"، تێکەڵەیەکی مەترسیدار و کێشەساز بوو کە لە کۆتاییدا بووە هۆی ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی. هەروا ئیسرائیل بە خراپ بەکارهێنانی هەندێک لێدوانی بەرپرسانی ئێرانی، توانیی کۆدەنگییەکی نێودەوڵەتیی دژی ئێران دروست بکات و خۆی وەک قوربانی نیشان بدات.
دەرفەتە لەدەستچووەکان و پێویستیی دیپلۆماسی
ئەحمەدی، ئاماژە بە دەرفەتە لەدەستچووەکانی دیپلۆماسی، بەتایبەتی لە سەردەمی خولی یەکەمی سەرۆکایەتیی دۆناڵد ترەمپدا دەکات. دەڵێت: سەرەڕای هەوڵەکانی ترەمپ بۆ گفتوگۆی ڕاستەوخۆ (لە ڕێگەی ناوبژیوانیی ئیمانوێل ماکرۆن و کەسانی ترەوە) ئێران ئەو دەرفەتانەی پشتگوێ خست. خۆبواردن لە گفتوگۆ، بووە هۆی ئەوەی ترەمپ لە خولی دووەمی سەرۆکایەتییدا ڕێبازێکی توندتر بگرێتە بەر و دۆخەکە ئاڵۆزتر بکات.
ئەم شرۆڤەکار و دیپلۆماتە خاوەن ئەزموونە، ڕەخنە لەو بیرکردنەوە دەگرێت کە دەڵێت "گفتوگۆ لە پێگەی هێزەوە دەکرێت" و ئەم تێڕوانینە بە سەردەمی شەڕی ئێران و عێراق بەراورد دەکات، کە تێیدا سووربوون لەسەر بەدەستهێنانی سەرکەوتنی سەربازی، دەرفەتەکانی ئاشتیی لەبار برد و لە کۆتاییدا وڵاتی خستە پێگەیەکی لاوازەوە. سیاسەتوانان نابێت چاوەڕێی گەیشتن بە "دۆخێکی دەسەڵاتدار"ی خەیاڵی بن، بەڵکوو پێویستە واقیعەکان شیتەڵ بکەن و پێش گەیشتن بە خاڵی قەیران، لە ڕێگەی دیپلۆماسیی چالاکەوە کێشەکان چارە بکەن.
ڕێگەچارەکان بۆ دەرچوون لە قەیران
ئەحمەدی، جەخت لەوە دەکاتەوە کە لە دۆخی ئێستادا، ئێران تەنها دوو ڕێگای لە بەردەمدایە: جەنگ یان دیپلۆماسی. لەبەر ئەوەی جەنگ چارەسەر نییە، تەنها بژاردەی بەردەم، دیپلۆماسیی جددی و چڕوپڕە. بۆ ڕێگریی لە کاراکردنەوەی میکانیزمی سەپاندنەوەی سزاکان، پێویستە ئێران هەنگاوی کردەیی بنێت. سێ مەرجەکەی ئەورووپا (وتووێژ لەگەڵ ئەمەریکا، هاوکاری لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم و نەپیتاندنی یۆرانیۆم بە ڕێژەی بەرز) نابێت وەک ئاستەنگی گەورە سەیر بکرێن. ئێران دەتوانێت ئامادەیی خۆی بۆ وتووێژی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمەریکا ڕابگەیەنێت و هاوکاریی پێویست لەگەڵ ئاژانس لە چوارچێوەی پەیمانی ڕێگریی لە بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمیدا دەست پێ بکاتەوە.
بە گوتەی ئەحمەدی، گفتوگۆی ناڕاستەوخۆ چیتر کاریگەریی نییە و لایەنی بەرانبەر وەک سووکایەتی سەیری دەکات. کاراکردنەوەی میکانیزمی سەپاندنەوەی سزاکان، کۆنترۆڵی دۆسیەکە دەداتە دەست ئەمەریکا و مافی ڤیتۆی ئەو وڵاتە. ئەمەش هەڵوەشاندنەوەی گەمارۆکان نزیک دەکاتەوە لە ئەستەم.
هەمەچەشنکردنی ئامرازەکانی ئاسایشی نیشتمانی
ئەم دیپلۆماتکارە خانەنشینە، جەخت لەسەر پێویستیی پێداچوونەوە بە پێکهاتەکانی ئاسایشی نیشتمانی دەکاتەوە و پێیوایە "ئاسایش تەنها بە هێزی سەربازی بەدی نایەت. گرنگترین هۆکاری بەرپەرچدانەوە، ئابوورییەکی بەهێز و پشتیوانیی جەماوەرییە لە سیستەمی سیاسی. یەکەم هەنگاو بۆ بەهێزکردنی ئاسایش، کەمکردنەوەی ئەو گرژییانەیە کە زیان بە ئابووری دەگەیەنن. بە تەرکیزکردنە سەر بووژاندنەوەی ئابووری و چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆیییەکان، دەتوانرێت توانستە ئەمنییەکانی وڵات بە شێوەیەکی بەردەوامتر بەهێز بکرێن و ڕێگری لە ئاڵۆزیی ئاسایشی نیشتمانی بکرێت."