وەزیری تەندروستی راپۆرتێك لەبارەی رەوشی ئێستای كۆرۆنا دەخاتەڕوو
باسی رێكارەكان لە قوتابخانە و شوێنە گشتییەكان دەكات

K24 – ھەولێر
بڕیارە ئەمڕۆ د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حكومەتی ھەرێمی كوردستان راپۆرتێك لەبارەی رەوشی ئێستای كۆرۆنا و رێكار و ستراتیژیەتی نوێی وەزارەتەكەیان بخاتەڕوو.
د. ئاسۆ حەوێزی، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حكومەتی ھەرێمی كوردستان لە راگەیەندراوێكدا ئاشكرای كرد "ئەمڕۆ چوارشەممە 14/10/2020 وەزیری تەندروستی راپۆرتی وەزارەتی تەندروستی سەبارەت بە رەوشی ئێستای کۆرۆنا و دوایین گۆڕانکارییەکان و رێکار و ستراتیژیەتی نوێ بە گشتی و بۆ قوتابخانەکان و زانکۆ بەتایبەت پێشکەش دەکات".
ئەمە لەكاتێكدایە ئەمڕۆ بە سەرپەرشتی رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا کۆببێتەوە. فهرمانگهی میدیا و زانیاری حكومهتی ههرێمی كوردستان رایگەیاند، مهبهستی سهرهكی كۆبوونهوهكه، تاوتوێکردنی رەوشی تەندروستییه لە ھەرێمی کوردستان و تەشەنەسەندنی پەتای کۆرۆنا و رەوشی پرۆسەی خوێندنە لە قوتابخانە و زانکۆ و پەیمانگاکانی ھەرێمی کوردستان.
كۆبوونەوەی لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا و بڵاوكردنەوەی راپۆرتێك لەلایەن وەزیری تەندروستی لە كاتێكدایە كە لە چەند رۆژی رابردووەوە ژمارەی تووشبووان و گیان لەدەستدان بە كۆرۆنا زیادیكردووە، بۆیە ھەوڵدەدرێت رێكاری نوێ بگیرێتەبەر. لەو چوارچێوەیەشدا دوێنێ لیژنەی باڵای ئۆپەراسیۆنەكانی سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوە كۆرۆنا بڕیاریاندا كە بەستنی دەمامك لە فەرمانگە و بازاڕ و شوێنە گشتییەكان بكرێتە ناچاری، ئەمەش بۆ رێگری كردن لە تەشەنەسەندنی زیاتری ڤایرۆسی كۆرۆنا.
بەگوێرەی دوایین ئاماری وەزارەتی تەندروستی تائێستا تووشبوون 57 ھەزار و 365 كەس لە ھەرێمی كوردستان تووشی كۆرۆنا بوونە، لەو ژمارەیەشدا 2 ھەزار و 40 كەس گیانیان لەدەستداوە، 35 ھەزار و 705 كەس چاكبوونەتەوە و 19 ھەزار و 620 تووشبووش لەژێر چارەسەری پزیشكیدان.