پاپای ڤاتیکان: نەتەوە یەکگرتووەکان ناتوانێت ململانێکان چارەسەر بکات

پاپای ڤاتیکان ڕایگەیاند، نەتەوە یەکگرتووەکان توانای چارەسەرکردنی ململانێکانی نەماوە و هیچ کاریگەرییەکی بەسەر بڕیاربەدەستاندا نییە، جەختیش دەکاتەوە و دەڵێت؛ پێویستە ڕێگەچارەی نوێ بۆ چارەسەرکردنی ململانێکان بگیرێتە بەر.
پاپای ڤاتیکان 'لیۆی چواردەم' لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی 'ئێل کۆمێرشیۆ'ـی پیرۆ ڕایگەیاند، دەبێت ڕێگە چارەی نوێ بۆ چارەسەرکردنی ململانێکان بدۆزرێتەوە، چونکە نەتەوە یەکگرتووەکان توانای چارەسەرکردنی نییە و دەبێت لایەنی دیکە ڕۆڵی خۆیان بگێڕن.
پاپا لیۆی چواردەم گوتیشی: یەک لەو پلانانەی توانی بەدیبهێنێت لە دوو مانگی یەکەمی هەڵبژاردنی وەکوو پاپا، بریتی بوو لە دروستکردنی پردی پەیوەندیی لەگەڵ سەرکردەی وڵاتان.
لەبارەی جەنگی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا، پاپا ڤاتیکان گوتی، "پێویستە بە هەر جۆرێک بێت، خەڵکی بە ئاگا بێتەوە، بۆ ئەوەی بزانن ڕێگەیەکی دیکە هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان و با ئەو جەنگە کۆتایی بێت".
پاپای ڤاتیکان گوتیشی،" لە کاتێکدا پێویستە نەتەوە یەکگرتووەکان مینبەری چارەسەرکردنی کێشەکان بێت، دەبینین کە لەم کاتەدا تەواوی دەسەڵاتی خۆی بەسەر هەموو لایەنەکان لەدەستداوە."
ئەم قسانەی پاپای ڤاتیکان لە کاتێکدایە، کە لە ڕۆژی هەینی، 12ـی ئەیلوول، کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیۆیۆرک بەڕێوەچوو، کە بە دەنگی زۆرینەی 142 وڵاتی ئەندام، بڕیاری یەکلایی کردنەوەی پرسی فەڵەستین لە ڕێگەی دامەزراندنی دوو دەوڵەت پەسند کرد.