وەزیری تەندروستی: ئەمڕۆ بڕیار دەدەین
"لە جموجۆڵی ھاووڵاتییان و پابەند نەبوونیان بە رێكار و رێنماییەكان نیگەرانین"

K24 – ھەولێر
وەزیری تەندروستی حكومەتی ھەرێمی كوردستان رایگەیاند، لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا، بڕیار لەسەر رێكار و مەرجی نوێ لە شوێنە گشتییەكان و قوتابخانە و زانكۆكان دەدرێت.
د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی لە میانی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی و لە وەڵامی پرسیاری پەیامنێری كوردستان24 گوتی: "لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا، بڕیاردەدەین بۆ ئەو رێكار و رێنماییانەی لە شوێنە گشتییەكان و قوتابخانە و زانكۆكان پێویستە".
گوتیشی: "جموجۆڵی ھاووڵاتییان لە شوێنە گشتییەكان و فەرمانگەكان و پابەند نەبوونیان بە رێكار و رێنماییەكان ئێمەی نیگەران كردووە، بەستنی ماسك ئیجرائاتێكی زۆر سادە و ئاسانە، بەڵام بەداخەوە ھاووڵاتییان جێبەجێی ناكەن".
لەبارەی ئەگەری راگەیاندنی قەدەغەی ھاتووچۆ لە ھەرێمی كوردستان د.سامان بەرزنجی جەختیكردەوە: "تائێستا ھیچ بڕیارێك بۆ راگەیاندنی قەدەغەی ھاتووچۆ نییە".
وەزیری تەندروستی راشیگەیاند: "لە راپۆرتێكمان ئامادە كردووە، تێیدا رەوشی كۆرۆنا لە شوێنە گشتییەكان و قوتابخانە و زانكۆكان خراوەتەڕوو".