لە سوودان بەهۆی خواردنی ئالیکی ئاژەڵان 18 کەس گیانیان لەدەستدا

سەرچاوە پزیشکییەکانی سوودان ڕایانگەیاند، دانیشتوانی شاری فاشەر لە سوودان، بەهۆی برسیەتیەوە بە ئالیکی ئاژەڵ دەژین، کە لەئەنجامی ململانێ ناوخۆییەکانی وڵاتەکەوە توشی برسیەتی و بەدخۆراکی بوونە.
سەرچاوەیەکی پزیشکی کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت و پزیشکە لە نەخۆشخانەیەکی شاری فاشەر بە ڕۆژنامەی 'نیویۆرک تایمز' گوت: "ئێمە ئالیکی ئاژەڵ دەخۆین. هیچی دیکە نییە بیخۆین."
ئاماژەی بەوەش کرد، دانیشتوان خۆراکی "ئەمبازێ" دەخۆن، کە خۆراکێکە بۆ مانگا و کەر و وشتر بەکار دەهێنرێت، هەروەها ڕۆژنامەکە پرسەکەی بە هەنگاوێکی نائومێدکەر وەسف کردووە، چونکە ئەو خۆراکە تووشی پیسبوون و تێکچوون دەبێت، بەتایبەتی لە وەرزی بارانباریندا.
کارمەندانی فریاگوزاری ناوخۆیی ڕایانگەیاندووە، لە چەند هەفتەی ڕابردوودا لانیکەم 18 کەس بەهۆی خواردنی خۆراکی ئەمپازەوە لە شارەکە گیانیان لەدەستداوە.
ڕۆژنامە ئەمەریکییەکە ئاماژەی بەوە کردووە، "زیاتر لە ساڵێکە بەهۆی هێرشە سەربازییەکان هاوکارییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان نەگەیشتووەتە فاشەر".
لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ڕابردوودا، هێرشێکی ئاسمانی کرایە سەر 15 بارهەڵگری هاوکاریی، پێنج کرێکاری مرۆیی کوژران، لە مانگی ئابدا هێرشێکی دیکەی ئاسمانی سێ بارهەڵگری فریاگوزاری کردە ئامانج و ئەوانی دیکە ناچار بوون بگەڕێنەوە، تا ئێستا دیار نییە کام لایەنی ململانێکە ئەم هێرشانەی ئەنجامداوە.
لە 15ـی نیسانی 2023، شەڕ و ململانێ لە نێوان هێزەکانی پشتیوانی خێرا و سوپای سوودان ڕوویدا، بەدەیان هەزار کەس کوژراون و برینداربوون، هەروەها زیاتر لە هەشت ملیۆن سوودانیش ئاوارەی ناوخۆو دەرەوەی وڵات بوون.