ئێران و ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، بۆچوونی جیاوازیان هەیە

بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، دەربارەی ڕێککەوتنی قاهیرە لە نێوان ئاژانس و ئێران، ڕای خۆی دەربڕی.

دووشەممە، 15ـی ئەیلوولی 2025، ڕافائیل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، لە کۆنفرانسێکی گشتیی ئاژانسەکەدا ڕایگەیاند "لە ڕێککەوتنەکەماندا لەگەڵ ئێران، هەنگاوە تەکنیکییەکان بۆ دەستپێکردنەوەی کارە پێویستەکانی ئاژانس لە ئێران، ڕوون کراوەتەوە."

ئەم قسانەی گرۆسی، ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە بە گوێرەی ڕێککەوتنەکە، ئاژانس دەتوانێت سەرجەم دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران بپشکنێت. پێشتر، عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، ڕایگەیاندبوو "کۆماری ئیسلامیی ئێران وەک ئەندامی پەیماننامەی قەدەغەکردنی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆم، لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمدا بۆ دابینکردنی بەرژەوەندییە نەتەوەییەکان و سەلماندنی ئەو ڕاستییەی کە ئێران وزەی ئەتۆم بۆ مەبەستی ئاشتی بەکار دەهێنت، ڕێککەوتووە."

وەزیری دەرەوەی ئێران، گوتیشی: پاش جەنگی 12 ڕۆژە و بۆمبارانکردنی دامەزراوە ئەتۆمییەکانمان، ئیتر نەدەکرا هاوکارییەکانمان لەگەڵ ئاژانس بەردەوام بن، چونکە بارودۆخێکی نوێ هاتبووە ئاراوە و بە گوێرەی یاسای پەسەندکراوی پەرلەمان کارمان دەکرد. بۆیە، بۆ دارشتنی چوارچێوەیەکی نوێ بۆ هاوکاری، لەگەڵ ئاژانسدا کەوتینە گفتوگۆ. 

عراقچی جەختی کردەوە: سەرجەم دانوستان و ڕێککەوتنەکان سەبارەت بە شێوازی نوێی هاوکاریمان لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی، لە سۆنگەی بارودۆخە نوێیەکە و بە لەبەرچاوگرتنی نیگەرانییە ئەمنییەکانی ئێرانەوە بووە.

وەزیری دەرەوەی ئێران لە کۆتایی قسەکانیدا گوتی: هۆشداریمان داوەتە لایەنەکانی بەرانبەر کە ئەگەر هەر جۆرە هەنگاوێکی دوژمنکارانە وەک کاراکردنی میکانیزمی سەپاندنەوەی سزاکان دژی کۆماری ئیسلامی ئەنجام بکرێت، ئەوا کاریگەری لەسەر هاوکارییەکانمان لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی دەبێت و چیتر ئەم چوارچێوە نوێیەش کاری پێ ناکرێت.

 

 

 

 
Fly Erbil Advertisment