سیاسەتی کۆچبەریی ترەمپ بازاڕی چێشتخانەکانی تێکساسی وەستاندووە

هەڵمەتی توندی دەستگیرکردن و ناردنەوەی کۆچبەران لەلایەن ئیدارەی دۆناڵد ترەمپەوە کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر بازاڕی چێشتخانە و شوێنەکانی خواردنەوە لە ویلایەتی تێکساسی باشووری ئەمەریکا هەبووە.
بەهۆی ترسی دەستگیرکردن و دیپۆرتکردنەوە، کۆچبەرانی نایاسایی چیدی بە ئازادی ناتوانن سەردانی ریستۆرانت و شوێنە گشتییەکانی خواردن بکەن، ئەمەش بووەتە هۆی کەمبوونەوەی ژمارەی کڕیارەکان. هاوکات، ژمارەیەکی زۆر لە چێشتخانەکانی ویلایەتی تێکساس بەهۆی هەڵمەتی چڕی دەستگیرکردنی کۆچبەرانی نایاساییەوە تووشی کەمیی کارمەند بوون، چونکە ژمارەیەکی زۆری شاگرد و چێشتلێنەرەکانیان دەستگیرکراون و دیپۆرتکراونەتەوە.
کەسیلی ئیرسکن، بەرپرسی سەندیکای چێشتخانەکان، ئەم دۆخە وەک کێشەیەکی گەورە دەبینێت. ئیرسکن ڕایگەیاند: "ئێمە ئێستا ڕووبەڕووی کەمیی شاگرد و کارمەند لە چێشتخانەکان بووینەتەوە، تەنانەت لە هەموو هەنگاوێکی بەرهەمهێنانی خواردن و پێشکەشکردنی لەناو چێشتخانەکان ڕووبەڕووی گرفتی کەمیی کارمەند بووینەتەوە، ئەمەش هەندێک جار دەبێتە هۆکاری گرانبوونی خواردن."
چێشتخانە میلییەکانی تێکساس بەتایبەتی گورزێکی کەمەرشکێنیان بەرکەوتووە لەم هەڵمەتەدا، چونکە زۆرترین کڕیاریان کۆچبەربوون، بەو پێیەی خواردنیان خێرا و هەرزان بوو. ئەم دۆخە وایکردووە کە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو چۆڵبوونێکی بەرچاو بەم چێشتخانانەوە دیاربێت. بەگوێرەی سەندیکای چێشتخانەکانی تێکساس، سیاسەتی نوێی ناردنەوەی کۆچبەران وایکردووە چێشتخانەکان لەسەدا 16ی کڕیارەکانیان لەدەست بدەن.
لەم بارەیەوە، کەسیلی ئیرسکن داوایەک ئاراستەی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ دەکات: "ئێمە هاوشێوەی سەندیکاکانی بازرگانان و کەرتەکانی دیکەی ئەمەریکا بە نوێنەرایەتیی 50 ویلایەت پێشنیازمان بۆ ئیدارەی ترەمپ کردووە کە سیاسەتی دەستگیرکردن و ناردنەوەی پەنابەران خاوبکاتەوە، هەروەها مافی مانەوە بداتە ئەو کەسانەی لەمێژە کاردەکەن و متمانەپێکراون."
بەگوێرەی ئامارەکان، تەنها لە تێکساس زیاتر لە 14 هەزار کۆچبەری نایاسایی دیپۆرتکراونەتەوە. ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی لە دەستبەکاربوونی دۆناڵد ترەمپەوە لە کانوونی دووەمی ئەمساڵ دەستگیرکراون و نێردراونەتەوە نزیک دەبێتەوە لە 200 هەزار کۆچبەر.