سەقز، هاووڵاتییەک کوژرا و سێ کەسی دیکەش بریندار بوون

بە تەقەی پاسەوانانی کانەزێڕی قوڵقوڵە لە نزیک گوندی پیر عومرانی سەقز، هاووڵاتییەک کوژرا و چوار کەسی دیکەش بریندار بوون.
دووشەممە، 15ـی ئەیلوولی 2025، محەممەد سادق پیرۆزی، فەرماندەی پۆلیسی سەقز، بە ئاژانسی هەواڵی 'تەسنیم'ـی گوت: دوو پاسەوانی کانەزێڕی قوڵقوڵە، تەقەیان لە ژمارەیەک کەس کردووە و لە ئەنجامدا کەسێک کوژراوە و چوار کەسی دیکەش بریندار بوون.
ئاژانسەکە، لە زاری فەرماندەی پۆلیسی سەقزەوە، ڕایگەیاندووە "ژمارەیەک لە دانیشتووانی گوندی پیر عومران، بە مەبەستی گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسان سەبارەت بە هەندێ کێشە، چووبوونە کانەزێڕەکە، بەڵام لە لایەن پاسەوانانەوە تەقەیان لێ کراوە و هاووڵاتییەک بە ناوی محەممەد ڕەشیدی کوژرا و چوار هاووڵاتی دیکەش بریندار بوون."
ماڵپەڕی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕ ایگەیاندووە "ژمارەیەک لە جووتیارانی گوندی پیر عومران، بۆ ناڕەزایی دەربڕین دژی دروستکردنی شەقامێکی بێمۆڵەت بەناو زەوییەکانیاندا، لە نزیک کانەزێڕەکە کۆبووبوونەوە کە لەلایەن پاسەوانە چەکدارەکانی ئەو کانەوە تەقەیان لێ کراوە و لە ئەنجامدا هاووڵاتییەک کوژراوە و چوار هاووڵاتی بە ناوەکانی 'هێمن ڕەشیدی، عادل ڕەشیدی، محەممەد ئەمین ڕەشیدی و ڕامیار ڕەشیدی' بریندار بوونە"
ماڵپەڕەکە، لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگەدار لە سەقز، نووسیویەتی "دەسەڵاتدارانی حکوومیی کانەزێڕەکە، ماوەیەک لەمەوبەر، شەقامێکی بێمۆڵەتیان بەناو زەوییەکانی جووتیارانی گوندەکەدا لێ داوە، ئەمەش بووە هۆی ناڕەزایی جووتیاران. "
ڕێکخراوی هانا بۆ مافی مرۆڤ، ڕایگەیاندووە، پاسەوانانی کانەزێڕەکە، بە فەرمانی ڕاستەوخۆی 'سەعید بابامورادی' بەڕێوەبەری پاراستنی کۆمپانیای گەشەپێدانی کانەزێڕەکانی کوردستان، تەقەیان لە هاووڵاتیان کردووە.
هانا، ئاماژەی بەوەش کردووە، دەزگا ئەمنییەکان، پاش هەڕەشە و فشار، لاشەی محەممەد ڕەشیدی، تەمەن 22 ساڵیان داوەتەوە بە خێزانەکەی تاکوو بە شەو و بە نهێنی بە خاکی بسپێرن. ئەمەش پێشێلکردنی ئاشکرای سادەترین مافی خێزانێکە کە ڕێگەیان پێ نەدراوە بە شێوەیەکی ئاسایی ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردن و پرسە بۆ ڕۆڵەکەیان بکەن.