دانیشتووانی دەشتی نەینەوا: 25 ساڵە کێشەی کەمئاوی و نەبوونی خزمەتگوزارییەکانمان هەیە
لەکاتێکدا پڕۆژەی قیرتاوکردنی چەند ڕێگایەک لە گوندی سرێچکای سەر بە ناحیەی ئەلقۆش لە قەزای تلکێف دەستیپێکردووە، بەڵام دانیشتوانی ناوچەکە بە گشتی گلەیی لە نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان و پشتگوێخستنیان لەلایەن حکوومەتی فیدراڵی عێراقەوە دەکەن.
شەریف سلێمان، پەرلەمانتاری پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، ڕایگەیاند، قیڕتاوکردنی چەند ڕێگەیەک لە گوندی سرێچکا بە هەوڵی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمان دەستیپێکردووە. ئاماژەی بەوەش دا "حکوومەتی فیدراڵ لە ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکە کەمتەرخەم بووە و پێویستە بودجەیەکی زیاتر بۆ پێشخستنی ناوچەکە تەرخان بکات."
کێشەی سەرەکیی دانیشتوانی گوندەکانی دەشتی نەینەوا، کە ژمارەیان دەگاتە 32 گوند لە سنووری ناحیەی ئالقۆش، نەبوونی ئاوی خواردنەوەی بەردەوامە. دانیشتووان باس لەوە دەکەن، ئاو تەنیا لە دوو بۆ سێ ڕۆژ جارێک و بە تانکەر بۆیان دێت، کە ئەمەش بارگرانییەکی زۆری دروستکردووە.
تەوفیق حەجی، یەکێک لە دانیشتووانی گوندی سرێچکا، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: "ماوەی نزیکەی 25 ساڵە کێشەی ئاومان هەیە و تەنها بە تانکەر ئاومان بۆ دێت. حکوومەت گوێمان لێ ناگرێت و ئەمە کێشەیەکی گەورەیە."
هەروەها، کەمی قوتابخانە و کەرتی پەروەردە یەکێکی دیکەیە لە کێشەکان. غازی ئەساف، بەڕێوەبەری ئامادەیی سرێچکا، ئاماژەی بەوەدا کە گوندەکە پێویستی بە قوتابخانەی سەرەتایی هەیە، بەڵام بەهۆی نەبوونی باڵەخانەی تایبەتەوە، قوتابییانی سەرەتایی لە بینای ئامادەییەکەدا دەخوێنن، ئەمەش کاریگەری نەرێنی لەسەر پڕۆسەی خوێندن دروستکردووە.
وەک ئەو دەڵێت، سەرەڕای بوونی نزیکەی 900 بۆ 1000 قوتابی، تەنها چوار قوتابخانەیان هەیە. بە گشتی خزمەتگوزارییەکانی وەک تەندروستی و کارەباش بە شێوەیەکی پێویست نییە.
دانیشتووانی دەشتی نەینەوا، بە هیوای چارەسەرکردنی ئەم کێشانەن و داوا لە حکوومەتی عێراق دەکەن کە گرنگی زیاتر بە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان بدات بۆ ئەوەی ژیان لە گوندەکانیاندا ئاسایی بێتەوە.