ڕێبەری تاڵیبان بڕیاری بڕینی هێڵی ئینتەرنێتی دەرکرد و وەزیری گەیاندنیش دژی بڕیارەکەیە

ژمارەیەک فەرمانبەری تاڵیبان بەشداریی لە خولێکی بەکارهێنانی ئینتەرنێت دەکەن
ژمارەیەک فەرمانبەری تاڵیبان بەشداریی لە خولێکی بەکارهێنانی ئینتەرنێت دەکەن

مەلا هەیبەتوڵڵا ئاخوندزادە، ڕێبەری تاڵیبان، لە فەرمانێکی نوێدا ڕایگەیاندووە، بۆ ڕێگریی لە خراپەکاری، پێویستە ئینتەرنێتی فایبەر ئۆپتیک لە سەرتاسەری ئەفغانستاندا ببڕدرێت. جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە، لە ڕۆژی دووشەممە، 15ی ئەیلوولی 2025، لە شاری مەزاری شەریف، ناوەندی پارێزگای بەلخ لە باکووری ئەفغانستان، دەستی پێ کردووە و بڕیارە لە شارەکانی دیکەشدا جێبەجێ بکرێت.

 حاجی زەید، گوتەبێژی پارێزگاری تاڵیبان لە بەلخ، لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند "مەلا هەیبەتوڵڵا ئاخوندزادە بڕیاری داوە بۆ دابینکردنی پێداویستییە سەرەکییەکان 'جێگرەوەیەکی ناوخۆیی' دروست بکرێت. بە قسەی شارەزایانی کۆمپانیاکانی دابینکردنی ئینتەرنێت دروستکردنی ئەو جێگرەوەیە کات و تێچووی زۆری دەوێت و بەم زووانە جێبەجێ ناکرێت."

ماوەی پێنج ڕۆژە ئینتەرنێتی کۆمپانیای حکوومیی 'ئەفغان تێلیکۆم' لەسەر کارمەندانی دامەزراوە حکوومییەکان لە هەندێک شاری باکووری ئەفغانستان، لەوانە مەزاری شەریف، پچڕاوە. سەرچاوە ئاگەدارەکان گوتوویانە "ئەم هەنگاوە بووەتە هۆی تێکچوونی کارەکانی ئەو ڕێکخراوە حکوومییانەی لە چەند ساڵی ڕابردووەوە دەستیان بە دیجیتاڵکردنی کاروباری ئیداری کردبوو".

دامەزراوەکانی وەک بەڕێوەبەرایەتیی پاسپۆرت، تۆماری باری شارستانی، گومرگەکان، بەندەرەکان، بانکە حکوومی و تایبەتەکان، میدیاکان و ڕێکخراوەکانی دیکە کە بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری ڕۆژانەیان پێویستیان بە ئینتەرنێتە، پاش بڕیارەکەی ڕێبەری تاڵیبان، تووشی کێشە بوونە.

بیلال سەروەری، ڕۆژنامەنووسێکی ئەفغان کە بەدواداچوون بۆ پێشهاتەکانی ئەفغانستان دەکات، پێی وایە "ئەم فەرمانەی ڕێبەری تاڵیبان وەک فەرمانی قەدەغەکردنی بڵاوکردنەوەی وێنەی بوونەوەری زیندوو، ڕووبەڕووی دژایەتی لەنێو سەرکردەکانی ئەو گرووپەدا دەبێتەوە."

 یوسف وەفا، پارێزگاری تاڵیبان لە بەلخ، کە یەکێکە لە کەسایەتییە بەهێزەکانی باڵی قەندەهار و کەسێکی سەرەکی و نزیک لە مەلا هەیبەتوڵڵا ئاخوندزادەیە، یەکەمین پارێزگاری تاڵیبانە کە بڕیاری قەدەغەکردنی بەکارهێنانی ئینتەرنێتی فایبەر ئۆپتیکی جێبەجێ کردووە. بەڵام وەزیری گەیاندن و تەکنەلۆجیای تاڵیبان لەگەڵ ئەم بڕیارەدا نییە و هەر بۆیە هێشتا بڕیارەکە لە سەرتاسەری ئەفغانستاندا جێبەجێ نەکراوە.

فەرمانی قەدەغەکردنی بڵاوکردنەوەی وێنەی بوونەوەری زیندووش کە لە مانگی ئابی 2024 و لە چوارچێوەی یاسای "فەرمان بە چاکە و ڕێگریی لە خراپە"ی هەیبەتوڵڵا ئاخوندزادە دەرکرا، تا ئێستا تەنیا لە نزیکەی 20 پارێزگا لە کۆی 34 پارێزگاکەی ئەفغانستان جێبەجێ کراوە، بەڵام میدیا حکوومییەکانی تاڵیبان و میدیا تایبەتەکان لە کابوول، هێشتا وێنەی بوونەوەری زیندوو بڵاو دەکەنەوە. زۆرێک لە بەرپرسانی تاڵیبانیش بەبێ گوێدانە ئەم فەرمانە، وێنە و ڤیدیۆی کۆبوونەوە و دانیشتنە ڕۆژانەکانیان بڵاو دەکەنەوە.

دوای قەدەغەکردنی خوێندن و کارکردنی ئافرەتان لەلایەن حکوومەتی تاڵیبانەوە، زۆرێک لە ئافرەتان، لە ڕێگەی ئۆنلاینەوە دەخوێنن و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا کاردەکەن؛ پچڕانی هێڵی ئینتەرنێتی خێرا، دەبێتە ئاڵنگارییەکی نوێ لە بەردەم خوێندن و کارکردنی ئافرەتانی ئەفغاندا.

 

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment