پۆمپێیۆ: عێراق بەرپرسە لە پاراستنی ئاساییش نێردە دیپلۆماتكارەكان
ئەمەریكا داوای لە توركیا كرد دۆخی قەرەباخ ئاڵۆزتر نەکات و لە ناوچەكە بچێتە دەرەوە

K24 – ھەولێر:
مایک پەمپێیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە بارەی عێراقەوە رایگەیاند، وەک ھەر وڵاتێکی دیکە، عێراق بەرپرسە لە پاراستنی ئاسایشی نێردە دیپلۆماتکارەکان لە وڵاتەکەی.
پۆمپێیۆ گوتی: "عێراق وەک ھەر وڵاتێکی دیکەی جیھان، دەبێ ھەموو کارێک بکات بۆ پاراستن و سەلامەتی دیپلۆماتکاران و ئەوانەی بۆ ھاوکاری ئەوان لە وڵاتەکەیانن".
گوتیشی: دڵخۆشین بەوەی بەغدا خەریکە کاری زیاتر و باشتر دەکات بۆ پاراستنی ئاسایشی ئەو تیمانەمان لە عێراقدا، پێموایە خەڵکی عێراق ئیتر لەوە تێگەیشتوون، ئێران کارە تێکدەرانەکانی لەرێگەی میلیشیاکانیەوە لە عێراق ئەنجام دەدات".
لە وهڵامی پرسیارێكی رۆژنامەنووسان سەبارەت بە راوەستاندنی ھێرشەكانی دژ بە ھاوپەیمانان و ئەمەریكا لە لایەن میلیشیاكانەوە، پۆمپێیۆ روونیكردەوە، "ئەوان ئاگربەستیان رانەگەیاندووە و خەڵکی عێراق دەزانن چ ھێزێک لەناوچەکە کاری باش دەکات و ھەموو ھەوڵی خۆمان دەدەین و ھاوکارییان دەکەین بۆ پاراستنی سەروەری و ئازادی عێراق."
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەشکرد کە خەڵکی عێراق تێگەیشتوون کە کێ دەیەوێت کاری باش بکات بۆ وڵاتەکەیان و کێش تەنیا ئاڵۆزی دەنێتەوە و وڵاتەکەیان تێکدەدات.
سەبارەت بە توركیا، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا دوای لە توركیا كرد بە ھاوکارییەکانی خۆی بۆ ئازەربایجان دۆخەکە ھێندەی دیکە ئاڵۆز نەکات و لەو ناوچەیە بچێتە دەرەوە.
پۆمپێیۆ گوتی: "ئەم بەیانیە لەبارەی کێشەی نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان قسەم لەگەڵ سەرۆک ترەمپ کردووە، چاودێری دۆخەکە دەکەین، ئێمەش بەھەمان شێوەی ھاوپەیمانەکانمان لە ئەوروپا و وڵاتانی دیکە داوای ئاگربەست دەکەین، وەک ھەنگاوی یەکەم بۆ چارەسەری کێشەکە".
گوتیشی: "ئێمە ئەو راپۆرتانە دەبین، کە باس لە گیان لەدەستدانی خەڵکی سڤیل بەھۆی شەڕەکەوە دەکەن. ھەروەھا دەبینین تورکیا ھاوکاری ئازەربایجان دەکات. ئێمە داوامان لە ھەموولایەک کردووە لە ناوچەکە بچنە دەرەوە و نەبنە ھۆی زیاتر تێکدانی دۆخەکە. ئێمە بژاردە دیپلۆماسیەکانمان بەکاردەھێنین بۆ بەدەستھێنانی ئەنجامێک لەبارەی کێشەی ئەرمینیا و ئازەربایجانەوە".
پۆمپێیۆ سوپاسی ھێزەکانی سووریای دیموکراتی كرد بۆ دەستگیرکردنی چەکدارانی ئەمەریکایی لە ناو رێكخراوی داعشدا و رایگەیاند، تا ئێستا 25 داعشی ئەمەریکاییان گەڕاندووەتەوە، کە ھەسەدە دەستگیریان کردوون.
پۆمپێیۆ گوتی: "لەبارەی بەردەوامی شەڕی دژ بە داعش، گواستنەوەی بیتڵز بۆ ئەمەریکا و رووبەڕووکردنەوەیان لە دادگا سەرکەوتنێکی مەزنە بۆ ئەمەریکا، چونكە ئەمانە رۆڵی سەرەکییان ھەبووە لە ئەشکەنجەدان و کوشتنی دیلەکاندا. بەھۆی ئەو تاوانە دڵڕەقانەی داعش لە دژی خەڵکی ناوچەکە و ئەمەریکایەکانیشی ئەنجامداون، ئێمە پابەندین بەسزاگەیاندنی تاوانبارانی کوشتنی جەیمس فووڵی، پیتەر، میوڵەر و ستیڤن".
ئاشكراشیكرد، "وەزارەتی دادی ئەمەریکا رایگەیاندووە، وڵاتەکەمان ئەو چەکدارە ئەمەریکایانەی لەناو داعش بوونە و لەلایەن ھەسەدەوە دەستگیرکرابوون بە سەرکەوتوویی گواستوویانەتەوە بۆ ئەمەریکا و بە تاوانی پشتیوانیكردنی داعش دادگایی دەکرێن. تا ئێستا 10 کەسمان گەڕاندوونەتەوە و جیا لەوەش 15 منداڵیشمان گەڕاندوونەتەوە و ئێستا دەرفەتی ژیانێکی باشتریان بۆ رەخساوە.
پۆمپێیۆ گوتیشی: "دەمەوێت سوپاسی ھەسەدە بکەین بۆ ھەوڵەکانی و داوا لە ھاوبەشەکانمان دەکەین، بەتایبەتی لە رۆژئاوای ئەوروپا بەرپرسیارێتی ئەو ھاووڵاتیانەیان بگرنە ئەستۆ ئەوانەی ئێستا لەوێن (رۆژئاوای كوردستان) و لە دەستی ھەسەدە دان".